كارزان گلی – ههولێر
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، داوای كردووە لەناو پەرلەمانی توركیا لیژنەیەك پێكبهێنرێت، ئەو لیژنەیە لە ١٠٠ پەرلەمانتار پێكهاتبێت و نوێنەری هەموو پارتەكانی تێدا بێت و تایبەت بێت بە پرسی چارەسەریی و هەمواركردنەوەی دەستووریی توركیا، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپەش ئەو پێشنیارە رەتدەكەنەوە و پێیانوایە رێژەی پەرلەمانتارەكان زۆرە.
لە هەفتەی رابردوو، نوعمان كورتوڵمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتە سیاسییەكانی پەرلەمان كۆبووەوە و قسەیان لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستووریی توركیا كردووە، بەوەی چۆن بتوانن رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بۆ جاری سێیەم بۆی هەبێت ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
هەروەها داوای كردووە لیژنەیەكی ٣٥ كەسی پێكبێت، بۆ پرسی چارەسەریی كورد، لەو رێژەیە ٣٠ ئەندامی سەر بەو پارتانە بن كە لەناو پەرلەمانی توركیا گروپیان هەیە و بەربەستی هەڵبژاردنیان شكاندووە، پێنج ئەندامیش لەو پەرلەمانتارانە بن كە سەربەخۆن و پارتیان نییە.
كورتولمووش باسی لەوە كردووە، ئەو لیژنەیەی دادەنرێت پێویستە بڕیاربەدەست بن و هەر بڕیارێك یان پێشنیارێكیاندا جێبەجێ بكرێت، نەك لیژنەیەك بێت هیچ پێشنیار یان بۆچوونی لێوەرنەگیرێت.
هەموو سەرۆك فڕكسیۆنەكان لەسەر ئەو بابەتە كۆكن بوونە، بەڵام بۆ بابەتی سێبارە بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، جەهەپە و پارتی خاس و تاوەكوو ئێستاش دەم پارتی، دژی دەوەستنەوە.
دەم پارتی و جەهەپە، داوا دەكەن ئەو لیژنەیەی بۆ هەمواری دەستوور و پرسی چارەسەریی كورد پێكدێت، لە ٣٠ بۆ ٤٠ پەرلەمانتار زیاتر نەبێت، ئەو لیژنەیەش دەبێت یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربكرێت و بە یاسا دەسەڵاتەكانی دیاری بكرێت. هەردوو پارت، دژی ئەوەن لیژنەكە لە ١٠٠ پەرلەمانتار پێك بێت و ئەو پێشنیارەی دەوڵەت باخچەلی رەتدەكەنەوە، تەنانەت ئاكەپەش لەگەڵ ئەو رێژە زۆرە نییە.
لەسەر ناوی لیژنەكە ناكۆكی زۆر هەیە
لەسەر ناوی ئەو لیژنەیەی بەنیازن پێكی بێنن ناكۆكی زۆر هەیە، ئاكەپە و مەهەپە پێیان باشە ناوی لێبنێت (لیژنە توركیای بێتیرۆر)، بەڵام دەم پارتی قبوڵی ناكات و ئەو ناوەیان رەتكردوەتەوە.
دەم پارتی پێشنیاری كردووە، ناوی لیژنەكە (دیموكراتی و ئاشتی) بێت، بەڵام لەسەر ناوی ئاشتی ئاكەپە كێشەی هەیە و دەڵێن، ئەگەر ئاشتی ناوی لیژنەكە بێت، بەو واتایە دێت ئێمە لە جەنگدابووینە و نابێت ئەو ناوەی هەبێت.
بەڵام سەرچاوەیەك لەناو ئاكەپە، قسەی بۆ ئاژانسی (ئۆكسجین)ی توركیا كردووە و دەڵێت: ”ئێمە كێشەمان لەگەڵ ناو نییە، دەكرێت ناوی لێبنرێت (ئارامی) یان (داهاتوو).“
دەم پارتی بەهەموو شێوەیەك ناوی لیژنەكە (توركیای بێتیرۆر) رەتدەكاتەوە و جەهەپەش تاوەكوو ئێستا هیچ ناوێكی دانەناوە و رەنگە لەسەر ناوی لیژنەكە بگەنە رێككەوتن.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد لیژنەكە چۆن مامەڵە دەكات و لەسەر چی پرسێكی گرنگ دەوەستن، چونكە باكوورییەكان دەیانەوێت زمانی كوردی بەفەرمی بناسرێت و كوردیش وەكوو نەتەوە لە دەستووردا ناوی بهێنرێت، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە و جەهەپەش، دژی ئەوەن كورد وەكوو نەتەوە بناسرێنرێت و هەروەها زمانی كوردیش لە دەستووردا بناسرێت، بۆیە ئەنجامی ئەو لیژنەیە چەندە جێی ئومێد بێت بەوەی ئاشتی لە توركیا بەقەرار بێت و چەكدانانی پەكەكە بەیاسایی بكرێت و لێبوردنی گشتی بۆ ئەندامانی پەكەكە دەربچێت، بەڵام گەر مافی كورد جێگیر نەكرێت، پرسی كورد ناچێتە پێشەوە، بۆیە نووسەر و لێكۆلەرانی باكووریی كوردستان، هۆشداری دەدەنە دەم پارتی، بەوەی نابێت ئەمجارەیان رێگە بدەن لە هەمواری دەستووردا، كورد وەكوو نەتەوە نەناسرێت و زمانەكەشی بەهەمان شێوە رەتبكرێتەوە.

