هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
ژمارەی یاریزانانی کوردی دانیشتووی تاراوگە کە لە خولە بەهێزەکانی ئەوروپا یاری دەکەن لە زیادبوندایە، ئەمجارە کورە کوردێک وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی هۆڵەندی یاری دەکات، لەلایەکی ترەوە، کوردێکی دیکە بەهۆی ئاست بەرزیەوە بووە باشترین یاریزانی گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
یاریزانێکی کورد وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی هۆڵەندا یاری دەکات
یانەی “گۆ ئەهێد ئیگلیز” کە ماوەی چەند ساڵێکە لە خولی نایابی هۆڵەندی یاری دەکات، ماوەیەکە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ وەرزی نوێ، لەنێو کەمپی مەشق و ڕاهێنانی یانەکە بۆ یەکەمین جار یاریزانی کورد دیلان غەفوور دەبیندرێت، کە تەمەنی 19 ساڵە و لە تیپی لاوانی یانەکە بۆ تیپی یەکەم سەرخراوە.
ناوەڕاستکارە کوردەکە بەهۆی ئاست بەرزیەوە، بەربژە کە لەلایەن ڕاهێنەری یانەکە دەرفەتی ئەوەی پێبدرێت هاوشانی هاوڕێکانی لە دژی ئەجاکس و ئایندهۆڤن و یانە گەورەکانی ئەو وڵاتە یاری بکات، دیلان کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە هۆڵەندا لە خێزانێکی کورد لە دایک بووە، هەر لە سەرەتایی یاری کردنیەوە تاکو ئێستا لە یانەی گۆ ئەهێد ئیگلیز یاری کردووە.
گۆ ئەهێد ئیگلیز کە مێژوویەکی دێرینی لە هۆڵەندا هەیە و پێشتر چوار جار بۆتە پاڵەوانی خولی نایابی هۆڵەندا، لە ساڵی ١٩٠٢ دامەزراوە و وەرزی ڕابردوویش بە کۆکردنەوەی ٥١ خاڵ پلەی حەوتەمی خولی هۆڵەندی بەدەستهێنا.
یاریزانێکی کورد بووە باشترین یاریزانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق
ئەحمەد یاسین یاریزانی کوردی یانەی زاخۆ بە باشترین یاریزانی گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەست نیشانکرا.
لەمیانەی یارییەکانی گەڕی 37ـی زاخۆ میوانداریی یانەی قوجەویەی کرد و بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە، هەردوو گۆڵەکە لەلایەن ئەحمەد یاسین لە دەرەوەی ناوچەی سزا تۆمار کرا، بەهۆی ئەم دوو گۆڵەوە یاریزانەکە وەک باشترین یاریزان دەست نیشانکرا، زاخۆ بەم دوو گۆڵەی ئەحمەد یاسین بیستەمین بردنەوەی تۆمار کرد و بە کۆکردنەوەی ٧٠ خاڵ پلەی سێیەمی قایمتر کرد و گەیشتنی بە یەکێک لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە مسۆگەر کردووە.
یاریزانێکی سووری هەولێر بەجێدەهێڵێت
بە فەرمی خالد کردغلی بەرگریکاری یانەی هەولێر ڕۆیشتنی لەو یانەیە راگەیاند، خالد لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیس بووک پەیامێکی بڵاو کردوەتەوەو نوسیویەتی: “سوپاس بۆ تۆ خوایەی گیان سوپاس بۆ ئەوەی پێت بەخشیوم، ئەمڕۆ گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی هەولێر کۆتای دێت بەڵام یادگاریەکان هەمیشە دەمێننەوە” لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا بەرگریکارەکەی هەولێر ئەوەشی نوسیوە” سوپاسی دەستەی کارگێڕی یانە و دەستەی ڕاهێنەران و یاریزانانی هاوڕێم دەکەم و سوپاس بۆ دەستەی هاندەران، ئێوە هەمیشە ژمارە یەکن”.
خالد کوردۆغلی بەرگریکاری هەڵبژاردەی سوریا هاوینی رابردوو بە گرێبەستێک ڕووی لە یانەی هەولێر کرد و یەکێک بوو لەو یاریزانانەی کە بەردەوام بەشێوەیەی سەرەکی یاری دەکرد.
ناوەراستكارەكەی بەرازیل، زاخۆی جێهێشت
مۆیسیش، بەرگریكارە قژزەردەكەی یانەی زاخۆ، دوای تێپەڕبوونی دوو وەرز لەگەڵ یانەكە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام، بە فەرمی رۆیشتنی لە یانەی زاخۆ راگەیاند و سوپاسی هاندەران و دەستەی كارگێری یانەكەی كرد كە هەمیشە پاڵپشتیان كردووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، رێبین سۆلاقا، بەرگریكاری پێشووی یانەی هەولێر بە فەرمی پەیوەندی بە یانەی پۆرتی تایلەندی كرد. ئەو یانەیە ئێوارەی دوێنێ 5 یاریزانی بەیەكەوە ناساند و پێشكەشی میدیایەكانی كرد، یەكێك لەو یاریزانانە رێبین سۆلاقا بوو.

