كارزان گلی – ههولێر
بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانیی ئیزمیر و بەرپرسی لقی جەهەپە لەو شارە و، ١٧٥ كەسی تریش دەستبەسەر كران.
لەسەر داوای داواكاری گشتی ئیزمیر، تونج سۆیار، سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانیی ئیزمیر و شەنۆڵ ئەسڵانئۆغڵو، سەرۆكی لقی جەهەپە لەو شارە و ١٥٧ كەسی دیکەیش دەستبەسەر كران.
هەموو ئەو كەسانەی دەستبەسەر كراون، لە شارەوانیی ئیزمیردا فەرمانبەرن و تێوەگلاون لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات.
جەهەپە، لە بەرەبەیانی دوێنێدا لە رێگەی دەنیز یوجەل وتەبێژیانەوە ئیدانەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەی كرد و دەڵێت ”لە چوارچێوەی ترسیان لە جەهەپە و هەروەها نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا، بە تۆمەتی جۆاراوجۆر پەلاماری بەرپرسانی جەهەپە دەدەن.“
موراد بەكان، جێگری سەرۆكی جەهەپە، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، ئەوەی رووی داوە بەم بەیانییە، بە تەواوەتی هەڵبژاردەیەكی سیاسییە و هیچ پەیوەندییەكی بە پرسێكی یاساییەوە نییە، بۆیە ئیدانەی دەكەین. لە هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، دەربارەی سەرشارەوانییەكانی جەهەپە گوتی: ”بارودۆخ هیچ باش نییە، ئەوان جگە لەوەی لە گەندەڵی تێوە گلاون، لە هەمان كاتدا بەرتیلیشیان وەرگرتووە و بەداخەوە بارودۆخەكە بۆ سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە كارەساتە لە ڕووی گەندەڵییەوە.“ ماوەیەكە ئۆپەراسیۆنی گەورە دژی سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە لە توركیا دەستپێكردووە و سەرەتاش لە دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەستیپێكرد و پاشان چەندین سەرشارەوانی تری جەهەپە دەستگیر كران و وەكوو ئەوەی ئەردۆغانیش باسی دەكات، ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی توركیاوە بڵاو كراوەتەوە، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی ئیزمیر، بەئەگەرێكی زۆرەوە زیندانی دەكرێت، چونكە ئەو دۆسیانەی لەسەری كراوەتەوە زۆرن و هەمووشی پەیوەندی بە گەندەڵییەوە هەیە. بەڵام جەهەپە قسەیەكی تر دەكات و دەڵێن، ئەو هەوڵانەی حكوومەت بۆ ئەوەیە كودەتا بەسەر دیموكراسیدا بكەن، بۆیە ئەوان كۆل نادەن و ئامادەن خەبات بكەن و هەر فشارێكیان بكرێتە سەر رووبەڕووی دەبنەوە.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە بەتوندی دژی حكوومەتی توركیا قسەی كرد و گوتی، مەیدان بۆ ئێوە چۆڵ ناكەین و بە دڵنیاییەوە لەسەر سندووقی دەنگدان گەل سزاتان دەدات.

