هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە شاری هەولێر هەڵبژاردەی تێنسی عێڕاق لەسەر یاریگەکانی تێنسی هەولێر مەشق و ڕاهێنان ئەنجام دەدەن، سێ یاریزانی ئاستی پێشکەوتوان لە هەولێرەوە خۆیان بۆ پاڵەوانیەتی دێڤز کەپ ئامادە دەکەن کە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوو لە وڵاتی مالیزیا یارییەکانی بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردەی تێنسی عێراق لە هەولێر مەشق دەکەن
دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە و خۆ ئامادەکردنی یاریزانی شاری هەولێر ئاکام دڵزار کە یەکێکە لەو سێ یاریزانەی کە بەشداری پاڵەوانیەتیەکە دەکات، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر “کەمال عەبدوڵڵا” سەرۆکی لقی هەولێری فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: پاڵەوانیەتی دێڤز کەپ کە لە وڵاتی مالیزیا بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، کە یەکێکە لە پاڵەوانیەتیەکانی ئەی تی ئێفی جیهانی کە لەلایەن فیدراسیۆنی تێنسی جیهان سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە بە هۆکاری کەش و هەوای هەولێر جیاواز لە بەغدا و باشووری عێڕاق، هەڵبژاردەی عێراق بڕیاریدا کە لە هەولێر کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان بکاتەوە و بۆ ئەو پاڵەوانیەتیە خۆی ئامادە بکات.
هەڵبژاردەکە لە سێ یاریزان و ڕاهێنەرێک پێکهاتووە کە ئەمانەن، محەمەد هاشم، ئاکام دڵزار، عەبدوڵڵا عەلی حاتەم و بەسەرپەرشتی ڕاهێنەر عەلی خەیری دەبێت، دەربارەی یاریزان ئاکام دڵزاریش کە یەکێکە لە یاریزانانی هەولێر و دوای پاڵەوانیەتی عێراق توانی بگاتە ریزی هەڵبژاردەی عێڕاق، کەمال عدبدوڵڵا گووتی: ئاکام لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە، ئەزمونێکی زۆری پەیدا کردووە و لەماوەی ڕابردوودا لە چەند وڵاتێک بەشداری پاڵەوانیەتی جیاوازی کردووە، متمانەی زۆرمان پێیەتی بتوانێت لەو پاڵەوانیەتیە تا ئاستێکی زۆر هەنگاو بنێت.
هەولێر لەسەر ئاستی عێڕاق دەدرەوشێتەوە
لەسەرەتای ئەم ساڵ لە شاری بەغدا پاڵەوانیەتی ئاستە جیاوازەکانی یاریزانانی تێنس بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە پاڵاوتن و سەرکەوتنی یاریزانان بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ ئەوەی لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بکەن، یاریزانانی هەولێر توانیان باشترین ئەنجام بەدەسبهێنن، لەسەر ئاستی یاریزانانی تەمەن ١٢ ساڵان پلەی یەکەم و دووەم پشکی یاریزانانی هەولێر بوو، ئەحمەد شێروان پلەی یەکەم و ئۆراس ئالان پلەی دووەمیان بەدەستهێناو بوون بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و بەشداری پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەیان کرد وەک نوێنەری عێراق.
جگە لەوە دەسکەوتێکی تر ئەوە بوو کە ڕاهێنەری هەڵبژاردەکەیش هەر لە هەولێر هەڵبژێردرا کە ئالان زاکی بوو، بەهۆکاری ئەو ئەنجامە باشانە، هەر لە پاڵەوانیەتیەکە و لەسەر ئاستی یاریزانانی ١٦ ساڵان پلەی دووەم و سێیەم یاریزانانی هەولێر بوون، داهێن زەردەشت پلەی دووەم و مەزن هێمن پلەی سێیەمی بەدەستهێناو ئەوانیش بوون بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق و بەشداری پاڵەوانیەتی دێڤس کەپیان کرد لە وڵاتی سریلانکا، لە کۆی شەش یاریزانی هەڵبژاردەکە چوار یاریزانی هەولێرن کە بەڕێژەی زیاتر لە ٪٦٥ دەکات، ئاکام دڵزاریش دوای ئەوەی لە تەمەنی ١٦ ساڵی گەیشتە ریزی هەڵبژاردەی پێشکەوتوانی عێڕاق، بەمەیش ژمارەی یاریزانانی هەولێر بوون بە ٥ یاریزان.
ماوەی چەند ساڵێکە لقی هەولێری تێنسی عێراق لەڕێگەی یاریگەکانی تێنسی هەولێرەوە چەندین یاریزانی پێگەیاندووە و کە لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکەن، دەیان پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی عێراقیش لە هەولێر ئەنجامدراون.

