رۆژنامەی ھەولێر

دهۆک گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەی بۆ وەرزی دهاتوو بکات

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

رۆیشتنی 10 یاریزان لە دهۆک یەکلایی بوونەتەوە، ئەم هاوینە هەریەکە لە یانیک زاکری، مارلۆن سانتۆس، کەریم دەروێش، پەشەنگ عەبدوڵا، مازیس ئارتین، مستەفا رەعد، نەجم شوان، پیتەر گورگیس، عەلی موحسین و کێڤن جاکۆ ریزەکانی دهۆک بەجێدەهێڵن و چیدیکە درێسی یانەکە ناپۆشنەوە.

یانەی دهۆک دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ کردووە و لە ئێستاوە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان خەریکی دانوستاندن و نوێکردنەوەی گرێبەست و بەڕێکردنی بەشێک لە یاریزانەکانیەتی، گەرچی پیتەر گورگیس ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە، بەڵام بڕیاری خۆی داوە و بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە بگەڕێتەوە یانەکە و لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی ناک برێدای هۆڵەندی نزیکە.، هەرچەندە سەرۆکی یانەی دهۆک دووپاتیکردووەتەوە کە دەستبەرداری ئەم یاریزانە نابن.
کەریم دەروێش هێرشبەری لوبنانی دوای رۆیشتنی مەسعود میڕال بڕیاری داوە لە دهۆک بڕوات و چیدیکە لە یانەکە نەمێنێتەوە، رۆیشتنی یانیک زاکری ناوەڕاستکاری کۆتدیڤواریش یەکلایی بووەتەوە و لەگەڵ قوە جەوییە رێککەوتووە، ئەم هاوینە دەچێتە ریزەکانی هەڵۆیەکانی بەغدا.
پاشەنگ عەبدوڵڵا یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لەژێر کاریگەری مەسعود میڕال چووە ریزەکانی دهۆک و ئەویش ئەم هاوینە هەڵۆیەکانی چیا بەجێدەهێڵێت، کێڤن جاکۆ و نەجم شوانیش دوای یارییەکانی جامی عێراق ماڵئاوایی لە یانەکە دەکەن و مازێس ئارتینیش لە رۆیشتنی لە یانەکە نزیکبووەتەوە و عەلی موحسین و مستەفا رەعدیش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ئەم هاوینە لەگەڵ دهۆک دەست لەیەک بەردەدەن.
دهۆک لەگەڵ هەریەکە لە هاروون ئەحمەد، زانا عەلی، لۆکاس تورسی و سیابەند عەگید دەستی بە گفتوگۆ کردووە و دەیەوێت گرێبەستەکانیان نوێبکاتەوە.
یانەی دهۆک لەگەڵ سەیف رەشیدی یاریزانی یانەی قاسم لە گفتوگۆ دایە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی نوێ بیگوازێتەوە ریزەکانی.
دهۆک بە کۆکردنەوەی 54 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و رۆژی پێنجشەممە لە دوایین گەڕی خولەکە دەبێتە میوانی کەرخ، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی عێراقیش هەفتەی داهاتوو رۆژی سێشەممە میوانداریی مینا دەکات.