ئاواز دزەیی
هۆ گوندنشیینی خاکی جوانم
هۆ خوشک و برای هاوڵاتیانم
هۆ ڕەنجدەر و شوان و گاوانم
هۆ هەوار و بنکەی شوانکارانم
هۆ کابانی ئازای بن ڕەشمارانم
خوشکی مەڕ و بزن دۆش بێریڤانم
مەشکە ژەنی کەرە و ماست و دۆ
دروستکەری پەنیر و لۆر و فرۆ
ئافرەتی کوردی لەسەر پەرێزی
پاکت دەکردەوە هۆبە و هەوێزی
ئەی کیژی لادێیی، ناسک و نازدار
سل ناکەیەوە هەرگیز لە ئیشولەکار
هۆ کاکەی جۆتیار بکێلە زەوی و زارت
بەگاسن و لاپووتە و هەوجاڕت
دروێنە بکە لەگەڵ برای سەپانت
باکیشەکەر بێ خوشک و خێزانت
بابێمەوە گوندەکەی دووگردکانم
شوێنی لەدایک بووی باب و باپیرانم
(1) هۆکاکە سمەی کێخوای دووگردکان
ئاهەنگت گێڕا بۆ لاوی کوردان
مەلا ئەبوبەکر زانای قەدر گران
وانەبێژەکەی فەقێی مزگەوتان
هۆ مام حەمەدی مام تەها
کە کێک و شیرت بە قوتابیان دەدا
(2) قۆغەیان لە دەست ڕیزت دەکردن
وەک منداری خۆت سەیرت دەکردن
مامۆستا خەسرۆ وانەی بیرکاری
بۆ قوتابیان زۆر کرد هاوکاری
هۆ مام حسەن شەوانی دووگردکان
چیرۆکخوانی شەوی شەواران
هۆ مام عەوڵا و وسوی ئاشەوان
گەنمتان دەهاری لەبۆ هەمووان
ئەستورکە تەندووری پلکە گوستانی
خواردنی خۆشبوو بۆ چای بەیانی
هۆ پلکە مەیاس دەست و تیرۆگ جوان
بۆت دەکردین هەرمیشک و ناسکەنان
هۆ پلکە زێ زێ تەشیت دەڕێسی
لۆبەن قادە و دەستڕێشمە و گوریسی
بابچمەوە لای گردی سەید وەسمان
ڕووگە و مەزاری پیاو چاک و پیران
تاوێ دانیشم لەسەر سەکۆی دیوەخان
سەیری گوندی کەم بەیادی جاران
بە یادی هاوڕێ و گشت دەستەخوشکان
فرمێسک بڕێژم وەک ئاوی باران
ئیتر خۆشی و سەرفرازی بۆ هەمووان.
ڕێکەوت: ٢٠٢٥/٥/٣١
١- ساڵی (١٩٦٠) مۆڵەت درا بە پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگا لە هەولێر بکرێتەوە. بەو بۆنەیەوە کاکە (سمە) ئاهەنگەکی گەوەرەی ساز کرد لاوان و قوتابیانی هەولێری بانگهێشت کرد بۆ دووگردکان.
٢- قۆغە کوپێکی (فافۆن) بوو قوتابی پێیان دەگوت قۆغە

