رۆژنامەی ھەولێر

دیندار زێباری: زیاتر لە 4 هەزار کەس بەتۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕژدە، هیچ لێخۆشبوونێکی نییە بۆ بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.

دووشەممە 30ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەهاوکاریی ڕێکخراوی فاو، دیداری هەولێری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕێکخستووە، لە چوارچێوەی دیدارەکەدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامێری پشکنینی بۆ ماددەی هۆشبەر لە سنوور و فڕۆکەخانەکان دابین کردووە. زێباری گوتی: گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کردووە بۆ ئەوەی پرسی هەڕەشەی ماددەی هۆشبەر بکرێت بە بابەتێکی خوێندن لە ناوەندەکانی پەروەردەدا، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاش گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری لەنێو زانکۆکان بەڕێوە ببەین، هاوکات سوود لەو توێژینەوە زانستییانە وەربگرین کە لە زانکۆکان لەم بارەوە دەکرێن.

دیندار زێباری، ئاماژەی بەوە کرد، هەزار و 564 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەتاوانی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، 900 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و حوکم دراون، ئەمە هەنگاوی ڕژدی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەوەی، هیچ لێخۆشبوونێک نییە بۆ ئەوانەی لایەنی سەرەکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرن.

زێباری ڕایگەیاند “ڕێژەی سەرەکی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، لە تەمەنی 18 بۆ 35 ساڵن، ئەمەش جێی مەترسییە بۆ کۆمەڵگە، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون، خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، هەروەها خەڵکی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە.”

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرای دەکات، ئێستا زیاتر لە 4 هەزار کەس دەستگیرکراو و سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراون بۆ لێکۆڵینەوە. هەندێکیشیان بەهۆی بازرگانیی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سزا دراون.