رۆژنامەی ھەولێر

رێژەی هەژاری لە توركیا ٢٢٪ـــی تێپەڕاندووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

رێژەی هەژاری لە توركیا ژمارەی پێوراوی بڕیوە، بەجۆرێك لە ریزبەندی یەكەم وڵاتی ئەورووپایە لە ڕووی هەژارییەوە و ٢ملیۆن و ٨٧٠هەزار گەنج لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و رێژەی هەژاریش لە تەواوی توركیادا ٢٢.٦٪ــە.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەیەكی ئۆفیسی ئاماری ئەورووپا، كە لێكۆڵینەوەی لە رێژەی هەژاری كردووە لە توركیا و وڵاتانی ئەورووپا، ئەنجامەكەی مایەی مەترسییە بۆ ئەو وڵاتە، چونكە لەریزبەندی یەكەم وڵاتی ئەورووپاییە لە ڕووی هەژارییەوە.
بەگوێرەی ئەو لێكۆڵینەوەیە بێت، دوای توركیا بولگارستان دێت، كە رێژەی هەژاری لەو وڵاتەدا ٢١.٧٪ـە. هەروەها رێژەی هەژاری لەناو گەنجانی توركیا دوو ملیۆن و ٨٧٠هەزار کەسە، بەكۆی گشتی لە توركیا ١٨ملیۆن و ٦٧٥هەزار كەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەمەش وەكوو مەترسییەكی گەورە لێكدراوەتەوە بۆ توركیا.
بەشێوەیەكی گشتی وڵاتانی ئەورووپا، دوای جەنگی نێوان ئۆكراین و رووسیا، رێژەی هەژاری رووی تێكردوون، بەتایبەت لە توێژی گەنجان، چونكە هەموو كەلوپەلێك و خۆراكێك گران بووە و مووچەش هەروەكوو خۆیەتی و زیاد نەبووە.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی ئۆفیسی ئاماری ئەورووپا بێت، وڵاتانی لۆكسمبۆرك، نەرویج، بولگارستان و ئێرلەندا، ئەو وڵاتانەن كە رێژەی هەژاری لەناو توێژی گەنجاندا زۆر بووە، بۆ نموونە رێژەی هەژاری لەناو گەنجان لە لۆكسمبۆرك ٣٢.٧٪ـــە و لە نەرویجیش ٢٩.٧٪ــە.
توركیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هەڵاوسانی ئابووریی زۆر بەرزە، حكوومەت چەندین هەوڵی داوە تا بتوانێت رێژەی هەڵاوسان كەم بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، نرخی خۆراك لەو وڵاتە زۆر زۆر بەرزە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك كردووە.
ئەگەرچی بە گوێرەی راگەیێندراوێكی وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بێت، لەمساڵدا رێژەی گەشتیار زۆر زیادی كردووە، بەجۆرێك ئیسپانیای تێپەڕاندووە، بەڵام گلەوگازندەی گەشتیاران بەردەوامە و ئەوان ناتوانن زۆر لە توركیا بمێننەوە.
چەند گەشتیارێكی ئەورووپایی، لە سۆسیال میدیاوە گلەیییان لە نرخی خۆراك و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكانی توركیا هەیە و دەڵێن: ”پێشتر ١٥ رۆژ لە توركیا دەماینەوە، ئێستا تەنیا یەك هەفتە دەتوانین، چونكە نرخ ئاگر دەكاتەوە و ناتوانین بەو پارەیەی پێمانە زۆر لە توركیا بمێنینەوە.“
كەممانەوەی گەشتیار لە توركیا، وای كردووە خاوەن رێستورانت و هۆتێلەكان بێنە دەنگ و داوا دەكەن، حكوومەت لە كارەبا و گازی سروشتیدا هاوكارییان بكات، چونكە قازانج ناكەن و داهاتی گەشتیارییان وەكوو جاران نییە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا، هەڵاوسانی ئابووری هاتووەتەوە خوار ٥٠٪، بەڵام میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو زانیارییە بەدرۆ دەخەنەوە و دەڵێن هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا ٧٠٪یە و بەو سیاسەتەی ئێستاش هەرگیز ناتوانن بیهێننە خوارەوە.