رۆژنامەی ھەولێر

بەرشلۆنە بەڵێنێكی یەكلاكەرەوەی بە (نیكۆ ویلیامز) دا

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یانەی بەرشلۆنە چووەتە نێو قۆناغی كۆتایی دانوستان و گفتوگۆوە لەگەڵ نیكۆ ویلیامز، ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیك بلباو، بە جۆرێك بەرشلۆنە نایەوێ ئەو دۆسیەیە زۆر بخایەنێ بۆ ئەوەی لەگەڵ یانە باسكییەكەدا تووشی هیچ بەركەوتنێك نەبێت.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی باسی لەوە كردووە، كە یانە كاتەلۆنییەكە، ڕێوشوێنە كارگێڕییە پێویستەكانی بۆ تەواوكردنی گرێبەستی ئەو یاریزانە لە پێدانی مەرجسزاكەی و تەواوكردنی گرێبەست لە زووترین كاتدا.
یانەی بەرشلۆنە بەڵێنی داوە كە پێش 9ی مانگی داهاتوو، پارەی مەرجسزاكە بدا، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ پەیوەندیكردنی ئەو یاریزانە بە یانە باسكییەكەیەوە بۆ ئامادەكاریی وەرزی نوێ.
یانەی بەرشلۆنە دەیەوێ لەم هەفتەیەوە دەست پێ بكا و بە پەلە كارەكانی تەواو بكا، گەر تەنانەت پێشكەشكردن و ڕاگەیاندنیی فەرمیی گرێبەستەكە كەمێك درەنگیش بكەوێ ئاساییە.
ئاماژەی بەوەش كردووە كە پەیوەندیی لە نێوان بەرشلۆنە و نیكۆ ویلیامز بە شێوەیەكی چڕ بەردەوامە.
ڕوونیشی كردەوە كە یانە كاتەلۆنییەكە، گرەنتیی تەواوی بە یاریزانەكە داوە كە لە مانگی تەموزدا دەتوانێ ناوەكەی تۆمار بكا و لەگەڵ یانەكە دەست بە ئامادەكاریی وەرزی نوێش دەكات.
لەلایەكی دیكەوە، نیكۆ ویلیامز، بە تەواوی ڕازی و دڵخوازە بەوەی وەرزی داهاتوو درێسی یانەی بەرشلۆنە بپۆشێت.
یانەكە و یاریزانەكەیش دەیانەوێ هەرچی زووە كارەكان تەواو بن، بۆ ئەوەی هەم كێشەی بۆ دروست نەبێ هەم دوور بێ لە هەرای مێدیایی، كە ئەگەر درێژە بكێشێ، ئەوەشی بەدوادا دێت.
نیكۆ ویلیامز، پێشتر یانەكەی ئاگەدار كردبووەوە كە دەیەوێ بڕوات، دوای ئەوەی دڵنیا بوو كە یانەی بەرشلۆنە دەیباتە ریزەكانیەوە.
ئێستە كارەكان لەو قۆناغەدان، كە دانوستان لە نێوان بەرشلۆنە و دەستەی خولی ئیسپانییە، بۆ ئەوەی بگەنە چوارچێوەیەك، بە شێوەیەكی یاسایی ئەو یاریزانە تۆمار بكەن.
نیكۆ ویلیامز، نەرمییەكی زۆری لە خاڵەكانی گرێبەستەكەیدا نواندووە و رازی بووە كە لە وەرزی یەكەمدا مووچەی بۆ كەمترین ئاست دابەزێ و دواتر بەرەبەرە قەرەبوو بكرێتەوە.
هەردوولا ڕێك كەوتوون كە گرێبەستەكە بۆ 6 وەرز بێ، وەرزەكانی دواتر قەرەبوو بكرێتەوە.
نیكۆ ویلیامز، یاریزانی یانەی ئەتلەتیك بلباو، سەرقافڵەی ئەو یاریزانانەیە كە یانەی بەرشلۆنە بە ئامانجی گرت بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵدا بكات و بە شێوەی فەرمی بیباتە ریزەكانی، ئەو یاریزانە بە ڕادەیەك نزیك بوو لە بەرشلۆنە، لەو شارە بە دوای شوێنی نیشتەجێبووندا دەگەڕا.
مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئیسپانییەكە، 58 ملیۆن یۆرۆیە، بەهای بۆندەكەیشی دەگاتە 62 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ هەژماردنی باجەكان، ئەوەش بڕەپارەیەكی زۆر لەسەر یانە كاتەلۆنییەكە دەوەستێ، تا بیەوێ گرێبەست لەگەڵ ویلیامزدا واژۆ بكات.