سلێمان تاشان – ههولێر
یازدە ساڵ دوای ئەو کارەساتە گەورەیەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات هێشتا هەزاران کەسیان بێسەروشوێنن و نێوە نێوە کەسێک ڕزگار دەکرێت کە چیرۆکی ناخهەژێنی پێیە و بەڵگەیەکی زیندووی ئەو تاوانە گەورەیەیە کە لەسەر دەستی ڕەشترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی دنیا ئەنجام درا.
بەپێی دواین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش شەش هەزار و چوارسەد و حەڤدە کوردی ئێزدی کە لە لایەن داعش ڕفێنرابوون، سێ هەزار و پێنجسەد و هەشتا و نۆ کەسیان ڕزگار کراون و هێشتا دوو هەزار و هەشتسەد و بیست و هەشت کەس ماون ڕزگار بکرێن.
گەنجێکی تری ئێزدی دوای یازدە ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی توانرا ڕزگار بکرێت و لە کوێرەگوندێکی ڕەقەی سووریاوە بگەرێنرێتەوە باوەشی نەک خێزانەکەی بەڵکوو خزم و کەسەکانی، چونکە تاکە ئەندامی خێزانەکەیەتی ڕزگار دەکرێت و هێشتا خوشک و برا و ئەندامانی خێزانەکەی بێسەروشوێنن.
رۆژی یەکشەممە حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕزگارکردنی گەنجێکی دیکەی ئێزدی ڕاگەیاند کە بووە مایەی دڵخۆشیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئێزدییەکان بە تایبەتی.
ئەو کەسەی ڕزگار کراوە ناوی ڕەوەند نایف حەمید، خەڵکی کۆمەڵگەی خانەسۆرێیە لە سنووری قەزای شنگال. کاتێک لە لایەن چەکدارانی داعش ڕفێنراوە تەمەنی حەوت ساڵ بووە بەڵام ئێستە تەمەنی بووەتە هەژدە ساڵ.
قائیدی گوتی ”دوای ئەوەی زانیاریمان بە دەست گەیشت کە ئەو گەنجە لە گوندێکی دەوروبەری شاری ڕەققەی سووریایە، دەستبەجێ هەموو ڕێکارێکی پێویست گیرایەبەر و توانرا لە ماوەیەکی کەمدا ڕزگار بکرێت. ”
چیرۆکی ئەو گەنجە ئێزدییە زۆر ناخهەژێنە چونکە کاتێک لە سێی ئابی ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هێرش دەکەنە سەر شنگال و پەلاماری خەڵک دەدەن، وێڕای کوشتنی خەڵکێکی زۆر ئەوەی مابوویەوە ڕفاندیان و ڕەوەند نائیفیش لەگەڵ حەوت کەسی تر لە ئەندامانی خێزانەکەی بەیەکەوە دەڕفێنرێن و دیار نییە چی بەسەر خوشک و برا و ئەندامەکانی دیکەی خێزانەکەی هاتووە.
بەپێی ئەو ئامارەی نووسینگەی ڕزگارکراوانی دەستی داعش خستیە ڕوو لە بنەماڵە و کەسوکاری ڕەوەند حەفتا و حەوت کەس لە لایەن داعش ڕفێنراون و لەو ژمارەیەش لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سی و هەشت کەسیان ڕزگار کراون و هێشتا چارەنووسی سی و نۆ کەسی تر نادیارە.
رزگارکردنی ڕەوەند لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەریش کچێکی ئێزدی بە ناوی دیما ئەمین ڕزگار کرا کە تەمەنی سێزدە ساڵ بووە کاتێک ڕفێنراوە و ئێستا تەمەنی بووەتە بیست و سێ ساڵ، ئەو خەڵکی گوندی کۆجۆیە، ئەو گوندەی زۆرترین قوربانیی جینۆسایدی دەستی داعش بوو و لە ئاستی دنیادا ناوبانگی دەرکرد.
ئێزدییەکان قوربانیی سەرەکیی سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی پارێزگای نەینەوا بوون، دوای کەمتر لە دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە لایەن ئەبوبەکر بەغدادی لەپڕ هێرشەکانی داعش لە بەغداوە ڕووی سنووری مادەی سەد و چل و ناوچە کوردستانییەکانی شنگال کرد و بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێزدی ئاوارە بوون و ئەگەر خۆیان ڕزگار نەکردبا یان دەکوژران یان بێسەروشوێن دەکران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی زۆر باڵای هەبووە لە هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی بێسەروشوێنبووە ئێزدییەکان و لەو کاتەوە هەزاران داعش ڕزگار کراون.
هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستن و یارمەتیدانی ئەو ئێزدییانەی ئاوارە بوون و هێشتا ژمارەیەکی زۆری ئێزدی لە هەرێمی کوردستانن و بەهۆی خراپیی دۆخی تەناهی و ئاوەدان نەبوونەوەی ناوچەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

