ڕائیب جادر – هەولێر
لە پێناو بەخشینی سیمایەکی جوانتر بە سەنتەری شار و بە دوو سایدکردنی ڕێگەوبانەکان پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێم لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوامیان ھەیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی بەنداوێکی گەورە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە، کە زیاتر لە ملیارێک و نیو مەتر چوار گۆشە ئاو گڵدەداتەوە، ئێستا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێ کردووە و بە تەواو بوونی ئەم بەنداوە پانتاییەکی زۆری سنووری سۆران بۆ کشتوکاڵ، بەخێوکردنی ماسی و گەشتیاری سوودی لێ وەردەگیرێت.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جگە لە دروستکردنی ئەو بەنداوە و چەند پڕۆژەیەکی دیکە لە کەرتە جیاوازەکان، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگەوبان کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە کە خۆی لە بەرزەپردی دەروازە، شەقامی ٤٠ مەتری و شەقامی ٣٠ مەتری دەبینێتەوە، جگە لەوەی پڕۆژەکانی چاککردنی شەقامەکان، ئاو، ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاری گشتی بۆ ھاووڵاتییانی سنوورەکە بەردەوامن و بڕیارە لە داھاتوویەکی نزیکدا دوای تەواوبوونیان بەڕووی ھاووڵاتییان و شۆفێراندا بکرێنەوە. پڕۆژەی شەقامی ٣٠ مەتری لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، پڕۆژەکە سەنتەری شاری سۆران بە گەڕەکی ئازادی، زانکۆ و ئیدارەی سۆران دەبەستێتەوە. بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان، ئامانج لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ئەوەیە ڕێگەوبانەکانی ناوچەکە بکرێنە دوو ساید و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و لۆدە لەسەر شارەکە و زیاتر ڕاکێشانی گەشتیارە بۆ ناوچەکە، کە ئێستا ئەو پڕۆژەیە بە گوژمەی ١٦ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. ڕەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕێگای دوو سایدی ٣٠ مەتری لە دوا قۆناغەکانیەتی و دەمانەوێت بە شێوازێکی سەردەمیانە دروست بکەین، کە پڕۆژەیەکی سەردەمیانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ھەر دوو دیوی سۆران و دێلزیان بە یەکەوە دەبەستێتەوە، جەنجاڵی لەسەر سەنتەری شار کەم دەکاتەوە، کە ئێستا قەرەبالغیەکی زۆر لەناو شار ھەیە، بێجگە لەوەی زانکۆ، و زۆربەی فەرمانگە حکوومییەکان کەوتوونەتە سەر ئەو ڕێگایە، بۆیە ئەو شەقامە ستراتیژیانە وا دەکەن سۆران بچێتە قۆناغێکی نوێتر، ھەروەھا ئەو دووکان و شوێنانەی کە دەکەونە سەر ڕێگاکە ھەڵگیراون و دووبارە بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێنەوە، جگە لەوەی شوێنەکە فراوانتر دەکرێت، ئەوەش سیمایەکی جوانتر بە شارەکە دەبەخشێت.

