رۆژنامەی ھەولێر

یادی 53 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی کورد (حەسەن زیرەك) كرایەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لە شاری سلێمانی یادی 53 ساڵەی كۆچی دوایی هونەرزانی گەورەی كورد «حەسەن زیرەك» كرایەوە، هونەرمەندانیش دەڵێن، دەبوایە حکوومەتی هەرێم بەشێوەیەکی گەورەتر یادی ئەم هونەرمەندە بکاتەوە.

كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری ڕۆشبیری سەرا، بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و رۆشنبیران، یادی 53 ساڵەی كۆچیی دوایی هونەرمەند حەسەن زیرەكیان كردەوە.
هونەرمەند جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەمساڵیش وەك ساڵانی رابردوو بەپێویستییان زانیوە یادی كۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە نەمرە بكەنەوە كە خزمەتێكی زۆری بە هونەری كوردی كردووە و وتی “بەرهەمەكانی مامۆستا زیرەك لە ناو هزری هەموو تاكێكی كورددا بە زیندوویی ماونەتەوە و هەرواش دەمێننەوە، چوونكە كارەكانی لە ئاستێكی بەرزی هونەریدان”.
هەروەها هونەرمەند نەرمین رەزا رایگەیاند، هەرچییەك بۆ ئەم هونەرمەندە مەزنە بكرێت هێشتا كەمە، چوونكە كارەكانی حەسەن زیرەك قوتابخانەیەكە زۆربەی هونەرمەندان دەیانەوێت گۆرانییەكانی بڵێنەوە و بە كوردانە وتووە.
ئەم هونەرمەندە وتی “بەڵام گرنگە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان گرنگی زیاتر بە یادكردنەوەی ئەم هونەرمەندە بدەن و ساڵانە لە شوێنێكی زۆر باشتر و گەورەتر ئەم یادە بكرێتەوە و توێژینەوە لەسەر كارەكانی بكرێت، تا گەنجی ئەمڕۆ زیاتر بە كارەكانی ئاشنا بن”.
هونەرمەند کاروانی نەی، لە باسی حەسەن زیرەک ئاماژەی بەوەکرد، زیرەک توانیویەتی خەزێنەیەکی دەوڵەمەندی هونەری رەسەن بۆ میللەتی کورد جێبهێڵێت کە هەتا دەیان ساڵی دیکەش هونەرمەندی کورد دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت.