“ڕێگاکانی هایدیگەر” لە ڕوانگەی گادامێرەوە

چیرۆکی ئاشنابوونی من بە مارتن هایدیگەر بۆ نزیکەی لە 15 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار بەر چەند بەشێکی کەم لە بۆچوونەکانی کەوتم و لەوێوە ئەم بیرمەندە بووە جێگەی سەرنج و دواتریش لە ڕێی د. محەمەد کەمال-ـەوە هەم لە ڕێی نووسین و شیکردنەوەی دونیابینی ئەم بیرمەندە و هەم لە ڕێگەی چاوپێکەوتنە بەناوبانگەکەیەوە کە هەر خۆی کردوویەتی بە کوردی و پاشانیش لە ڕێی “بوون و کات”ـەوە کە شاکاری ئەم فەیلەسوفەیە کەمێکی دیکە پێی ئاشنابووم، بەڵام دڵنیام هێشتا لەسەرەتای ڕێگەیەکدام کە هایدیگەرناسین زۆری تری دەوێت.

لە هەفتەی ڕابردوودا کتێبی “ڕێگاکانی هایدگەر”م خوێندەوە کەسێ وتاری شیکاری “هانز گیۆرگ گادامێر”ە، کە شاهۆ عوسمان کردوویەتی بە کوردی و لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندە.
سەبارەت بەم بیرمەندە و ئەم وتارانە لە کتێبێکی گادامێرەوە وەرگیراون لەسەر ئەم فەیلەسووفە کە هەوڵی شیکردنەوەی چەند چەمکێک لە فەلسەفەی هایدیگەر دەدات. گادامێر سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت “ته‌واوى نووسينه‌كانى ناو ئه‌م كتێبه‌ له‌ ڕووى ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، ته‌نها يه‌ك ئامانجيان هه‌يه‌ ئه‌ويش: خستنه‌ڕوى بيرى داهاتوويى و ناڕوونيى هايديگه‌ره‌. بيرێك كه‌ له‌ ته‌واوى ڕێگاكانى بيركردنه‌وه‌كانى پێشين و باسوخواسه‌ باوه‌كان لايداوه‌. هه‌ربۆيه‌ مه‌به‌ستى ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌يه‌، له‌سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌، هه‌وڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خوێنه‌ر سه‌ربه‌خۆ نه‌كه‌وێته‌ ناو ئه‌و گريمانه‌ هه‌ڵه‌يه‌وه‌ كه‌ پێيوايه‌ هۆكارى لادانى هايديگه‌ر له‌ ڕێگا باوه‌كه‌، يان ئه‌فسانه‌يه‌كه‌، يان جادووى شيعرێكه‌.”
هايديگه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ى ياسپێرسه‌وه‌، له‌ناو كايه‌ى زانسته‌ سروشتى و پزيشكييه‌كانه‌وه‌ پێنه‌گه‌يى، به‌ڵكو بليمه‌تييه‌كه‌ى هه‌ر له‌ ته‌مه‌نى گه‌نجێتييه‌وه‌ دەرکەوت و توانيويه‌تى له‌گه‌ڵ كايه‌ى ئه‌كاديمى زانسته‌ سروشتييه‌كان هه‌ڵ بكات، كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا زۆر به‌ هه‌ندى وه‌رنه‌ده‌گرت. ماتماتيك و فيزيای بابه‌ته‌ لاوه‌كييه‌كان له‌و شتانه‌بوون كه‌ بۆ نامه‌ى دكتۆراكه‌ى هه‌ڵيبژاردن.
وتاری یەکەمی ئەم کتیبە تەرخانە بۆ “بوون و فەلسەفەی بوون” ئەو چەمکە هایدیگەر لە بەشی هەرە زۆری کارەکانیدا بۆ گەڕاوەتەوە و بوونی بە بنەڕەت زانیوە لە ژیانی مرۆڤدا. هەرچی وتاری دووەمە تەرخانە بۆ یادی لە داکیکبوونی هایدگەر لە تەمەی حەفتاوپێنج ساڵیدا، کە لێرەدا دیسان ئەم یادەش دۆخێکی بوونگەریی بەبەردا بڕاوەتەوە. هەرچی وتاری سێیەکە دیدی هایدیگەر بۆ ئەفلاتۆن شی دەکاتەوە، کە دیدێکە تاڕادەیەک هەست بە ناڕوونی دەکرێت. گادامیر هەوڵی ئەوەی داوە شی بکاتەوە و بۆچوونی خۆیشی لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
بێگومان تێگەیشتن و ئاشنابوون بە فەلسەفەی مارتن هایدیگەر، یەکێکە لە سەختترین کارەکان، بەو پێیەی نزیکەی 80 بەرگ نووسینی نووسیوە و کە سەرەکیترین کاری “بوون و کات”ـە، کە تا هەنووکەش ساڵانە توێژینەوە و شرۆڤەی نوێی لەبارەوە بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها هایدیگەر ئەو بیرمەندە بوو کە فەلسەفە و ژیانی رۆژانەی ئاشتکردەوە، بە جۆرێک توانی لە ڕێی فەلسەفەی بوونگەراییەوە لە دیاردەکانی نێو بوونی مرۆڤ بکۆڵێتەوە، دیاردەگەلێک کە پەیوەستە بە هەموو تاکێک لە هەر کوێی دونیا بێت. هەر خودی چەمکی “هونەر، بوون، زمان، مردن” دەیانی چەمکی دیکە لە چەمکە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی ئەم بیرمەندەن. دەستخۆشی بۆ شاهۆ عوسمان-ی وەرگێڕی ئەم کتێبە و ئەم هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ ناساندنی فەلسەفەی مارتن هایدگەر.

ھەواڵی زیاتر