رۆژنامەی ھەولێر

ئمباپێ بە خەندە و گەشبینییەوە بەشداریی مەشقەكانی كرد

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

كیلیان ئمباپێ، یاریزانی فەرەنسیی یانەی ریاڵ مەدرید، بە تەواوی بۆ یارییەكەیان بەرانبەر یانەی یوڤێنتوس لە گەڕی 16ی مۆندیالی یانەكان ئامادە دەبێت.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە بڕیاری بەشداریكردنی كیلیان ئمباپێ لە یاریی ڕابردوویان بەرانبەر سازبۆرگ، دوای كۆبوونەوەی یاریزانەكە و راهێنەر چابی ئەلۆنزۆ و تیمی پزیشكیی یانەكە بوو، پێیان باش بوو كاتی زیاتری پێ بدرێ بۆ ئەوەی لە رووی توانای جەستەییەوە بە تەواوی ئامادە بێت.
كیلیان ئمباپێ، لە مەشق و راهێنانەكانی هەینی و شەممە بەشدار بووە كە لە یاریگەی گاردنز نۆس كاونتی لەگەڵ چەند یاریزانێكی دیكەی یەدەگدا مەشق و راهێنانی كردووە و بە باشی ئامادەیە.
ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكا، كە بەشداریكردنی ئمباپێ لە مەشقەكان، ئاماژەیەكی زۆر ئەرێنییە، هێشتا دوو یەكەی دیكەی مەشقی دەبێ پێش یارییەكەیان بەرانبەر یوڤێنتوس، كە سێشەممە داهاتوو 1/7/2025) ئەنجام دەدرێ، ئەوەش هەلی باشی دەداتێ ئامادەكارییەكانی تەواو بكات.
كیلیان ئمباپێ بە دڵخۆشی و خەندەوە لە مەشقەكان دەركەوت و لەگەڵ هاوڕێكانیدا سوعبەتی دەكرد، بە تایبەتی ئیدواردۆ كاماڤینگا. كە بەم دواییە ئەویش لە پێكان گەڕاوەتەوە و راهێنەر چابی ئەلۆنزۆ لە ئاستی ڕازی بوو دوای سەركەوتنیان بەرانبەر سالزبۆرگ.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە گەڕانەوەی ئمباپێ، جۆش و خرۆشی بە هاندەرانی یانەكە داوە، بە تایبەت كە بۆ بینینی خۆگونجانی خێرای لەگەڵ شێوازی یاریكردنی راهێنەری نوێ چابی ئەلۆنزۆ، كە پێدەچێ راهێنەر ئازادیی زیاتر بە ڤینیسیۆس بدا لە قووڵایی هێرشبەر یاری بكات و سوود لە خێراییەكەی ئمباپێش وەربگرێ بۆ یاریكردن لە لایەكان.