عەمەر ئەرگوشی
ماوەیەکە هەموو لایەنە کوردستانییەکان زۆر چالاکانە لە جمووجۆڵدان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە وەک ئەوە وایە نە بەفریان دیتبێ و نە باران. لە لایەکەوە شانازی بە گەلی دیموکراتخوازی کوردستانەوە دەکەین کە ئاشقی پەیڕەوکردنی مافی دیموکراتیانەی خۆیانن و دەیانەوێت لە پرۆسەی بەدیموکراتکردنی عێراقدا بەشدار بن و، هەروەها سوپاسی هەموو لایەنە کوردییەکان دەبێ بکرێت کە هەمیشە لە پرۆسەی بەدیموکراتکردنی عێراقدا چالاکانە بەشدارییان کردووە و رووی راستەقینەی ئاشتیپەروەر و دیموکراتپەروەری خەڵکی کوردستانیان بە جیهان ئاشنا کردووە.
بەڵام ئەوەی ئەمجارە تەواو جیاوازە لە جارانی تر. گەورەکان دەڵێن ئەگەر لە کونێکەوە مار جارێک پێوەی دای جاری دووەم ئاگات لە خوت بێت، لەو عێراقە گوایە حەبیبەدا سەدان جار مار پێوەی داین ئەدی کەنگی ئاگامان لە خۆمان دەبێت! لە دووهەزار و یازدەوە ئەوان بەس خەریکی مووچەبڕین و بودجەبڕینن، لە شەڕی داعش بە یەک دانە فیشەک هاوکاریی پێشمەرگەیان نەکرد کە هێزێکی دیاری سیستەمی بەرگری عێراق بوون. لە پیلانداڕشتن دژی هەرێم و ناردنی درۆن بو سەر هەرێم و هێرشکردنە سەر کوردستان وەک ئەوەی لە شازدەی ئوکتۆبەر رووی دا هیچی تریان بۆ کوردستان نەکردووە، جا کورد بۆ ناچارە بەشداری لە حکوومەتێکی عێراقیدا بکات کە حساب بۆ پەرلەمانە هەڵبژێردراو و نوێنەرە ڕاستەقینەکانی کورد نەکات لە پشت سەری ئەوان بەبێ ئاگاداری ئەوان بەس خەریکی کاری دژمنکارانەیان بن، پەرلەمانتارە کوردەکانی خولەکانی رابردووی عێراق چ دەستکەوتیان بۆ کورد هەبووە، یاخود چ بڕیارێکی پەرلەمان یان یاسایەکی پەرلەمان لە ژێر کاریگەریی ئەوان لە بەرژەوندی کورد دراوە، هەموومان دەزانین کە کورد لە پەرلەمانی عێراقی کەمینەن، کە ئەگەر عێراق بە تەوافق بەڕێوە نەبردرێت ئەوا لە باشترین دۆخیشدا کورد لە پەرلەمان هەر دەدۆڕێ. دەبێت بە بیر خۆمانیدا بهێنینەوە کە هەر خۆمانین کە گلە و گازندەی زۆر دەکەین کە عێراق ئامادە نەبووە بنەمای تەوافق پەیڕەو بکات و هیچ رێکەوتنێک یا بڕگەیەکی دەستووری جێبەجێ بکات کە پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەکانی کوردستان و گەلی کوردستانەوە هەبێت، کەواتە چ شتێک لە سروشتی دەسەڵاتدارانی عێراق گۆڕاوە تا کورد بەم جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراقدا بکات کە پێشوەختە دەزانێت عێراق بۆ خۆی کەڵکی خۆ نەماوە جا چ کەڵکی بۆ کوردستان دەبێ مابێ!
پێویستە کورد لەم بارودۆخە ناوماڵی خۆی رێکخات و یەک هەلوێستی نیشتمانی کوردستانییان هەبێت و، بڕیارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بدەن و، چیتر کاتی خۆیان نەفەوتێنن بۆ بەشداری لە پەرلەمانی عێراق کە زیاتر لە دابینکردنی مووچە بۆ هەندێ کەسی دی، هیچ سوود و کەلکی تری نابێت.

