ڕائیب جادر – هەولێر
نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە سەنتەری شاری مووسڵ کرایەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەو خەڵکەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە شنگال و دەوروبەری کە زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە، کە تا ئێستا ھەندێک لەو خەڵکە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
نووسینگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووی عێراق تایبەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە بەری ڕاستی شاری مووسڵ کرایەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی نووسینگەی شارۆچکەی شنگال کە لە ٢٠١٠ داخرا، بۆ پێشوازیکردن لە داواکاریی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو لە دانیشتووانی سنووری ماددەی ١٤٠، کە زیاتر لە دە ساڵ بوو کاری ئەو نووسینگەیە لەبەر تیرۆریستانی داعش ڕاگیرا بوو.
شایەنی باسە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەند ناوچەیەک کە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان ناسراوە دانرا، دەبوایە بە سێ قۆناغ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ کرابایە، ئەوانیش ئاساییکردنەوە و سەرژمێریی دانیشتووان و ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان، بەڵام بە ھۆکاری سیاسی لەو ساتەوە تا ئێستا جێبەجێکردنی دواخراوە.
لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ تا ساڵی ٢٠٠٣ پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس تەعریب کردنی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بوو، ھەزاران ھاووڵاتی کورد لە ناوچەکانی خۆیان ڕاگوێزران و عەرەب لە شوێنی ئەوان نیشتەجێکران، ھەروەھا زەوی و موڵکی ھاووڵاتییانی کورد دەستی بەسەردا گیرا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.
دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، لە دەستووری عێراق ھەردوو ماددەی ٥٣ و ٥٨ جێگیرکران، لە ماددەی ٥٣ ئاماژە بە جێبەجێکردنی خاڵی ١٤٣ کردووە کە تێیدا ھاتووە، ئەو ناوچە کوردستانیانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس داگیرکراون بگەڕێندرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، لە ماددەی ٥٨ باس لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەکات کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
پێش ھاتنی داعش ژمارەیەک خەڵکی شنگال لەو نووسینگەیە سوودمەند بوون و قەرەبوو کرانەوە، بەشێکیش ماون و داوا دەکەن ئەوانیش قەرەبوو بکرێنەوە. نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ ھەندێک داواکاری پێشکەش کران، پاش ئەو کاتە و ھاتنی داعش ئەو نووسینگەیە داخرا، ئێستا ئەو نووسینگەیە جارێکی دیکە لە مووسڵ کرایەوە، دووبارە خەڵکی زەرەرمەند بوو داواکاری پێشکەش دەکەن، بۆ ئەوەی کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە.
ھاووڵاتییان داوا دەکەن ئەو کەسانەی پێش ساڵی ٢٠١٤ داواکارییان پێشکەش کردووە و بە مافەکانیان نەگەیشتوونە ئەمجارە قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە ھەندێک ھاووڵاتی کە زەرەرمەند بوونە قەرەبوو کراونەتەوە، ئەوانەی کە تا ئێستا ماون ئەوانیش قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کە باس لەوە دەکرێت ئەمجارە پارچە زەوییەک لەگەڵ بڕێک پارە وەکو قەرەبوو پێیان دەدرێت.

