رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی عێراق نەک تەنیا فەرمانبەران سزای جووتیارانی کوردستانیش دەدا

سەرباری بیانوو زۆرەکانی بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق ساڵانە جووتیارانی کوردیش لە مافەکانیان بێ بەش دەکات و بە ئاشکرا جیاوازی دەکات لە نێوان جووتیارانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە. بەپێی زانیارییەکانی هەولێر، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەو ناوچانەی جووتیارانی عەرەب بەرهەمیان هێناوە ڕێژەکەی زۆر زیاترە لە ناوچە کورد نشینەکان.

دوێنێ جووتیارانی سایلۆی مەخمور، ناڕەزایی فراوانیان دەربڕی لە بارەی نایەکسانی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و دوای مانگێک لە چاوەڕوانی دواتر بڕیاردرا تەنیا یەک لەسەر چواری بڕی گەنمەکانیان وەربگیرێت.
بەپێی وتەی جووتیارێکی سیلۆی مەخمور کە بۆ ڕاگەیاندن قسەی کردووە، بەرهەمی گەنم لە سنووری مەخموور زیاتر لە 100 هەزار تۆنە، کەچی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 22 هەزار تۆن وەربگرێت. ئەمە بڕیارێکی ستەمکارانەیە، چونکە بڕێکی زۆر زۆر کەمە و زۆرینەی جووتیارانی ئەم ناوچەیە بە کورد و عەرەبەوە زیانێکی زۆر دەکەن. ئەو گەنمەی بڕیارە لێمان وەربگیرێت، تەنانەت بەشی پارەی ئەو پەینە کیمیاییە ناکات کە بە درێژایی ئەمساڵ کڕیومانە.”
دەشڵێت؛ 37 ڕۆژە لە بەردەم سایلۆی مەخموور لە نۆرەداین تا گەنمەکەمان لێ وەربگیرێت، بە درێژایی دوو کیلۆمەتر بارهەڵگر وەستاوە. ڕۆژانە پێمان دەڵێن، سبەینێ وەرنەوە لێتان وەردەگرین کەچی دێین کەسی لێ نییە. بڕیار بوو ئەمڕۆ گەنمەکە وەربگیرێت، بەڵام بڕیاریان داوە تەنیا 22 هەزار تۆنمان لێ وەربگرن کە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو بڕێکی زۆر زۆر کەمە؛ ئێمەش وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی بڕیارەکە، قوفڵمان لە دەرگای سایلۆکە داوە و ڕێگە نادەین گەنمی هیچ جووتیارێک وەربگرن.
هەر بەپێی ئەوەی جووتیاران باسی لێوەدەکەن، لە شرگات، مووسڵ، حەویجە و ناوچەکانی دیکە هیچ کێشەیەک لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا دروست نەبووە و هەمووان گەنمەکەیان ڕادەست کردووە، تەنیا لێرە نەبێت، بابەتەکەیان بە سیاسی کردووە، چونکە زۆرینەی دانیشتووانی مەخموور کوردن، دەیانەوێت کەمترین بڕ گەنم لێمان وەربگرن، تا زەرەر بکەین و گەنمەکەمان فڕێ بدەین. بەم شێوەیە دەیانەوێت وا لە جووتیاری کورد بکەن، جارێکی دیکە گەنم نەچێننەوە.”
ئەم پێشێلکارییە زەقانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت، تا ئێستا وای نەکردووە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان هاوهەڵوێست بن دژی بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی و پێکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی دەنگی کورد لە پەرلەمان و حکوومەتی عێراق و لەم نێوەندەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم چین و توێژەکانییەوە زیانی گەورەیان پێ کەوتووە.
پێشێلکردنی مافی جووتیارانی کورد، تەنیا لەوەندەدا کۆ نەبووەتەوە، بەڵکو لە سنوورەکانی ماددەی ١٤٠ و بە تایبەتی لە کەرکووک، سوپای عێراق چەندین جار بە ئاشکرا هەوڵی ڕاستەوخۆی هەبووە بۆ داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەوییەکانیان.