سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، تاکە ڕێگە بۆ سەقامگیریی بەردەوامیی ناوچەکە، گفتوگۆ و لێکگەیشتنە.
سێشەممە، 24-06-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، پێشوازیی لە ئاگربەستی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەکات کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، ڕاگەیەنراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی “باوەڕم وایە تاکە ڕێگەی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکانە.”
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: “سوپاس و پێزانینی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرۆک ترەمپ و سەرکردەکانی دیکە دەکەم بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی و چارەکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، لەم کاتە گرنگەدا.”
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە هەردوولا کرد، پابەندی ئاگربەستەکە بن، تا ئاشتی لە ناوچەکە بەدی بێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ “ئاگربەستی گشتگیر و تەواو” لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە “کۆتایی بە جەنگەکە” دێنێت.

