رۆژنامەی ھەولێر

هۆكار و چارەسەری لووتگیران

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

لووتگیران یەکێکە لەو کێشانەی کە تووشی مرۆڤ دەبێت لە ھەموو قۆناغەکانی ژیانیدا تایبەت نییە بە تەمەنێکەوە یان بە ڕەگەزێک، لووتگیران دەبێتە مەترسی ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێ بە تایبەت لە منداڵدا.

د. شێرکۆ محەمەد عەلی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ دەربارەی هۆكار و چارەسەری لووتگیران چەند ڕێنماییەك دەخاتە ڕوو، ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بە ڕێژەی قورسی و ماوەی لووتگیران دەكات كە لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی تر دەگۆڕێت، لێرەدا ھۆکارەکان و چارەسەرەكان دەخاتە ڕوو.
د. شێرکۆ محەمەد ھۆکارەکانی لووتگیران دەخاتە ڕوو، كە بریتیە لە:
1-ھەستیاری بە بە عەتر و بۆن و بەرامەی تۆز و خۆڵ.
2-ھەستیاری بە گوڵ و درەخت.
3-تووشبوون بە سەرما و ئەنفلۆنزا.
4-ھەوکردنی جیوبی لووت.
5-خواربوونی ژێی ناوەڕاستی لووت.
6- بەرکەوتن یان لێدان.
7- ژێ‌لووتی خوار و گێڕ، بە زکماک.
د. شێرکۆ محەمەد لە بارەی چارەسەری لووتگیران ئاماژە بەوە دەكات كە چارەسەری گیرانی لووت بەندە بە هۆکاری بنەڕەتییەوە. لێرەدا چەند ڕێگە و چارەسەرێکی گشتی دەخەینە ڕوو، کە گیرانی لووت کەم دەکاتەوە:
1-شۆردنی لووت بە خوێواکی لووت؛ سپرای لووت یان شۆردنی لووت بە خوێ، لووت شێدار دەکا و، گیرانەکە کەم و پاک دەکاتەوە.
2-مادەی شلکەرەوەی لووت؛ دەتوانن بە تەسککردنەوەی خوێنبەرەکانی ناو لووت، ڕزگاربوونێکی کاتی دابین بکەن.
3-هەڵمژینی هەڵم؛ هەڵمژینی هەڵم لە قاپێک ئاوی گەرمەوە دەبێتە هۆی کردنەوەی ڕێڕەوی لووت بۆ ماوەیەکی کاتی.
4-بەرزکردنەوەی سەر؛ خەوتن بە سەرینی بەرزەوە، واتە سەر کەمێک بەرز بێت لە کاتی خەودا، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گیرانی لووت لە شەواندا.
5-دوورکەوتنەوە لە ماددەی ورووژێنەر؛ دوور بکەوەرەوە لە دووکەڵ و بۆنی بەهێز و، ماددە ورووژێنەرەکانی تری ژینگە کە گیرانەکە خراپتر دەکەن.