ئازا حەسیب قەرەداخی
ئەگەر باوەشیت
با ئەم زریانەی
وا لە دەروونما هەڵی کردووە
ئیتر لەوێدا بیگرسێنمەوە
خۆ ئەگەر شانیت
هاتووم لە پاڵتا
تا سەری مەستی خەونی نەدیوم
تاوێ لەوێدا بیحەسێنمەوە
ئەگەر درەختی
با لە سایەتا
پاش ماندوو بوون و کۆچی نەهاتم
بۆ کەمێکیش بێ سەرخەو بشکێنم
سا ئەگەر خاکی
با لەناو دڵتا
نەرمانییەک بۆ هیوام نیشانکەم
دواین نەمامی عومرم بڕوێنم
ئەگەر ئاگری
با بە گڕی تۆ
ژێر پێم گەرم کەم، نیشتمان ساز کەم
نەورۆزی عەشقم دابگرسێنم
ئەگەر تۆ هەوایت
بێ بەلامەوە
بۆ یەک هەناسە لەگەڵ خۆت بمبە
من گەڵایەکی وەریو و تەنیام
خۆ ئەگەر ئاوی
لە ڕێچکەی خۆتا
وردە شەپۆلت بەجێم نەهێڵن
با بمبەن تاکو کەناری ئارام

