لەیلا سەلاحەدین ئەحمەد بەرزنجی*
منداڵ لوتفێکی خوای گەورەیە کە بە مرۆڤەکانی داوە؛ بۆ ئەوە نەهاتۆتە بوون تا لێی بدرێ؛ بەڵکو بۆ ئەوە بە مرۆڤ دراوە تا خۆش بویسترێت؛
سزادان ڕەفتارێکە زۆرێک لە خێزانەکان دەیگرنە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی سەرپێچیکردن یاخود هەڵەیەکی منداڵەکەیان لە پاش ئاگادارکردنەوەی بۆ جاری دووەم، هەرچەندە تێگەیشتن و لێکدانەوە بۆ ڕاستکردنەوە و گرتنەبەری ڕێگای سزادان بۆ هەڵەی منداڵ، ئەنجامێکی باشی لێ ناکەوێتەوە، بگرە کارەکە زەحمەتتر دەکات.
ڕەنگە ئەو بەو شێوەیەکی ئاسایی وەریگرتبێ یاخود بەئەنقەست نەیکردبێ. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا بیخەینە ڕوو بۆ خوێنەران، ئەوەیە کە ئەگەرهاتو منداڵ هەڵەیەکی کرد، دایک و باوکەکەی چ ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ ئەوەی پیشانی منداڵەکەی بدەن کە هەڵەیە؛ چ ڕەفتارێک بەرامبەر ئەو منداڵە دەکەن کە سەرپێچی دەکات یاخود کارێکی نابەجێ و نەخوازراو دەکات، منداڵ کاتێک هەڵەیەکی کرد لەسەر دایک و باوک پێویستە هەڵەکەی بۆ ڕاست بکەنەوە و، ڕوون تێیبگەیەنن کە بۆچی نابێت ئەو کارە بکات نەک لێی بدەن و سەرکۆنە بکرێ، بەبێ ئەوەی تێبگەیەنرێ کە بۆچی هەڵەیە؛ چونکە منداڵ لە ڕوانگەی تۆوە دەوروبەری نابینێ، لە دنیای خۆیەوە دەڕوانێتە شتەکاندا، بەهەمان شێوەش نابێت دایبابان داوایەکی وایان لە منداڵ هەبێت کە لە توانای نەبێت یاخود بیانەوێ کۆپیەکی خۆیان بێت، بەراوردی بکەن بە ژیانی خۆیان، یاخود بەراوردی بکەن بە هاوپۆل و خوشک و براکانی تری یان خزمەکانیان، بەرزنرخاندی دەوروبەر و بچوککردنەوەی منداڵ، چونکە ئەم کارە لە ناخی منداڵدا دەچەسپێت؛ هیچکات گەورەیی و بەهای خۆی نازانێ، بەتایبەتی لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی ئامێری زیرەک، ناکرێ بە منداڵ بڵێین بەکاری مەهێنە و، زەوتی بکەی لێی، ئەوەی بۆت دابین کردووە لە کاتێکدا زۆربەی کاتەکانی خۆت بە تەکنەلۆژیا بەسەر ببەیت، دایکو باوک ئەوەی داوای دەکات دەبێت خۆی جێبەجی بکات، یاخود کاتی بۆ دابنێت، چونکە کەللەڕەقی وادەکات ئەوەی نەتەوێ بیکات، ڕقێک لە دەروونی منداڵ دروست دەکات بە تێپەڕینی کات، گوێ ناگرێ بۆ داواکاریەکانی تریشت و لە ڕێگا لا دەدات ئەمەش لەگەڵ گەورەبوونی ڕقەکەی گەورەتر دەبێت، بە جۆرێک وای لێ دێت بەرپەرچی داواکاریەکانت بداتەوە، بەتایبەتی ئەوەی خۆی بیەوێ ئەوە دەکات چەندەش سزای بدەی ئەو لەوەڕا هاتووە و ئیتر بۆ ئەو گرنگ نیە، ئەگەرهاتو بتەوێ منداڵەکەت تەندروست بێت، ئەوەی خۆت دەتەوێ لەودا هەبێت سەرەتا دەبێت لە خۆیشتا هەبێت؛ ناکرێ بە منداڵ بڵێی یاری و گەمەی ئەلەکترۆنی مەکە، دابنیشە مەجووڵێ، چونکە هەموو ئەمانە وادەکات منداڵ سەربەستانە ڕەفتار نەکات و، لە خۆی بکەوێتە گومان و ناتوانێ هیچ کارێک بکات بەبێ گەورەیەک بەمەش متمانەی بە خۆی نابێت، لەگەڵی دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغەکانی تری گەورەبوونی، بەداخەوە ئەم دیاردەیە لەناو زۆرێک لە خێزانەکاندا هەیە، بۆ چارەسەرکردن و پەروەردەکردنی منداڵ بەشێوەیەکی تەندروست دەبێت چاودێری منداڵەکەت بکەیت، لەگەڵیدا دابنیشی، لەکاتی گڤتوگۆ کردندا، ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانی بکەی خۆت سەرقاڵی هیچ کارێک مەکە چونکە هیچ شتێک لە ژیانا بەقەدەر منداڵەکەت گرنگ نیە، گوێی بۆ پرسیارەکانی بگرە، بەڕاست و ڕەوان و ڕون جوابی بدەرەوە و تێیبگەیەنە کە چی مەبەستە، چونکە زۆرپرسیار لە لای منداڵ دروست دەبێت کە ڕەنگە بە لاتەوە سەیر بێت کە دەیکات، لە بەرامبەر کارێکی باش پاداشتی منداڵەکەت بکە بە گوێرەی کارەکە، ئەمە وادەکات منداڵ دڵخۆش بێت، هەست بە خۆی بکات و، لە کاری ناوماڵ هاوبەشیی پێ بکە و ئەرکێ بدە بەسەریدا تا فێری بەرپرسیارێتی ببێ، لە کاتی هەڵە سزای بدە بەو شتەی کە خۆی پێی خۆشە، ئەمە وادەکات پارێزڕاوتر و باشتر ڕەفتار بکات، ئەگەرهاتو بتەوێ دوور بکەوێتەوە لە تەکنەلۆژیا یاخود هەرکارێک نەتەوێ بیکات، لەو کاتەدا جێگرەوەی بۆ هەڵبژێر بۆ ئەوەی وردەوردە لەو کارە دوور بکەوێتەوە کە ناتەوێت و، لەگەڵیشی هاوکار بە هەتا هەست بەوە بکات کە چەندە گرنگە لە خێزانەکەیاندا و خۆشەویستە.
تێبینی/ بۆ ئەم بابەتە سوودم لە کتێبی نووسەر خالید ئێرتوغروڵ، بە ناونیشانی پەروەردەی منداڵ لەنێوان خێزان و قوتابخانەدا بینیوە.
*بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچانەی ژیریا لە سنووری بنەسڵاوە

