رۆژنامەی ھەولێر

چاوەڕوانیی ئەوە لە بەغدا هەیە کۆتایی بە دوژمنکارییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بهێنێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە و دەستی بەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستاندا گرتووە. دەبوایە ڕۆژی پێنجشەم دادگای فیدراڵی بڕیارێک لە قازانجی مووچەخۆرانی کوردستان دەربکات بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و تەنانەت زۆربەی ئەندامانی دادگاکە وازیان لە پۆستەکانیان هێنا، خەڵکی کوردستان ئەو چاوەڕوانییەیان لە بەغدا هەیە بەخۆیدا بچێتەوە و کۆتایی بە دوژمنکارییەکانی بهێنێت و هاوشێوەی فەرمانبەرانی خۆی سەیری فەرمانبەرانی کوردستانیش بکات.

دەبوایە بەر لە هاتنی جەژنی قوربان حکوومەتی عێراق لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنجیشی دابەش کردبا بەڵام ئەوەی نەکردووە و لە کاتێکدا عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی مووچەی مانگی حوزەیران بە فەرمانبەرانی خۆی بدات گیرفانی فەرمانبەرانی کوردستانی بە بەتاڵی هێشتووەتەوە.
هەرێمی کوردستان چەندان جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە پرسی مووچەی فەرمانبەران تێکەڵاوی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەکات و وەک چۆن لە یاسا دیاری کراوە هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانیش دابین بکات بەڵام عێراق گوێی پێ نەداوە.
دواین داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەمی ئەنجوومەنی وەزیران بوو کە سەرۆکی حکوومەت هیوای خواستبوو دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.

دادگای باڵای فیدراڵی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەدا دەبوایە دەرگایەک بۆ گۆڕینی بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق واڵا بکات بەڵام تێکەڵاوی پرسی تری سیاسی کرا و تەنانەت نۆ ئەندامی دادگاکە داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کرد.
پرسی بڕیاردان لە مووچەی هەرێمی کوردستان لە دادگاکەوە دابەزیوە بۆ سەرۆکی دادگاکە و وەک ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگاکە هەر ئەو ڕۆژە باسیان کردبوو یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەیان بۆ سەرۆکی دادگاکە جێهێشتووە و ئەو دەتوانێت بڕیاری لەبارەیەوە دەربکات و دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.
بیانووەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بریتی بووە لە نەگەڕاندنەوەی نیوەی داهاتی ناوخۆی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان مانگانە بەشێک لە داهاتی ناوخۆی بۆیان ڕەوانە کردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق هەر بەوە نەوەستاوە بگرە بڕیاری داوە مووچەی هەشت مانگی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان نەنێرێت و داهاتێکی وەهمی ساڵانی ڕابردووی لەسەر هەرێمی کوردستان کردووەتە ماڵ لە کاتێکدا حسابی دارایی ساڵانی ڕابردوو هەر لە کۆتایی ساڵەکاندا یەکلایی کراوەتەوە و مووچە و داهاتی ئەمساڵ هیچ پێوەندییەکی بە ساڵانی ڕابردوو نییە و دەکرێ لە چوارچێوەی ماف و شایستە داراییەکانی ئەمساڵدا بڕیارەکان دەربکات.
هەنگاوەکەی بەغدا جگە لەوەی کە نایاساییە لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی نامرۆڤانەیە و دەستبردنە بۆ قووتی سەدان هەزار بنەماڵە کە بژێوییان بە مووچە هەڵدەسووڕێت. دەسەڵاتی بەغدا وەک هاوبەشی ڕاستەقینە سەیری خەڵکی هەرێمی کوردستانی نەکردووە و بە هاووڵاتیی پلە دووی داناون و نەک لە دابینکردنی مووچە بەڵکوو لە پشکی وەرگرتنی گەنم و پشکی خۆراک و چەک و هەموو مافێکی تر، هەرێمی کوردستانی لە مافەکانی بێبەش کردووە.

دۆخی ناوچەکە هەر خۆی خۆش نییە و ئەو چاوەڕوانییە لە دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراق هەیە کەمێک بە خۆیاندا بچنەوە و کۆتایی بەو دوژمنکارییانە بهێنن کە بەرانبەر کورد دەیکەن، چونکە ئەوانەی خەون بەوە دەبینن کە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و بە بڕینی مووچە پاشەکشەی پێ بکەن، خەونەکەیان درێژە ناکێشێت و لە شوێنێک لێیان دەزڕێت.