رۆژنامەی ھەولێر

ئاخۆ ملیۆنان ئێرانی ئاوارەی توركیا دەبن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە ١٣ی مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرساوە، ئەوەی لە رۆژەڤی توركیا و میدیاكەیەتی، ئایا ملیۆنان كەس بە هۆی شەڕەوە روو لە توركیا دەكەن؟ ئایا سیناریۆی ساڵی ٢٠١٢ـی سووریا دووبارە دەبێتەوە، کە ٣ملیۆن ئاوارەی سووری رووی لە توركیا كرد؟

بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی توركیا بێت، تاوەكوو ئێستا هەستیان بەوە نەكردووە شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەی ئێرانی روویان لە توركیا كردبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی توركیاش رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن، ئێرانییەكی زۆر ئاوارەی توركیا بووە دوورە لە راستییەوە. شارەزایانی بواری جەنگ لە توركیا، بەگوێرەی بۆچوون و پێشبینی خۆیان پێیان وایە، ئەستەمە ئێرانییەكان بەو رێژە زۆرەی باس دەكرێت ئاوارەی توركیا ببن، واتە سیناریۆی سووریا لە ئێران ئەستەمە دووبارە ببێتەوە، چونكە شێوازی شەڕەكە جیاوازە.
مەتین چۆراباتر، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی كۆچ و كۆچبەران لە توركیا ئاماژەی داوە، تاوەكوو ئێستا هەستیان بەوە نەكردووە كە شەپۆلی ئاوارەی ئێرانی رووی لە توركیا كردبێت.
ئەو قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”تاوەكوو ئێستا شەپۆلی ئاوارەی ئێرانی رووی لە توركیا نەكردووە، رێك بە پێچەوانەوە پێشتر بۆ بابەتی گەشتیاری و تەندروستیی زۆر روویان لە توركیا دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو هاتنەش نەماوە.“
بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایانی سیاسی، دوو هۆكار هەیە كە تاوەكوو ئێستا ئێرانییەكان روویان لە توركیا نەكردووە:
یەكەم: قەیرانی بەنزین لە ئێران سەری هەڵداوە، ئەمە وای كردووە هاتوچۆ زۆر قورس بێت، تەنانەت بۆ گەشتكردنیش بەهۆی قەیرانی بەنزینەوە ناتوانن گەشت بكەن.
دووەم: ئێرانییەكان بڕوایان بەوە نییە ئەو شەڕەی رووی داوە دەستپێك بێت و ئیدی شەڕ تەشەنە بكات، ئەوان پێیان وایە لە ماوەی چەند رۆژێكی تر، ئارامی بۆ ئێران دەگەڕێتەوە، بۆیە ژیانی ئاوارەیی هەڵنابژێرن.
هاووڵاتی ئێرانی بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بۆی هەیە بچێتە توركیا و ماوەی سێ مانگ لەوێ بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر هەیە بەشێك لە ئێرانییەكان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان روو لە توركیا بكەن، بەڵام توركیا مامەڵەی ئاوارەیان لەگەڵدا ناكات و ناویان لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران نانووسێت، بەڵكوو هاتنەكەیان وەكوو هاتنێكی ئاسایی سەیر دەكات. بەگوێرەی گوتەی مەتین چۆراباتر، ئەگەر بێت و شەڕ فراوان بێت و ئەو شارانە بكەونە ژێر هێرشی فڕۆکە جەنگییەكانی ئیسرائیل كە شاری گەورەن، ئەوكات دەكرێت بڵێن شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەی ئێرانی روو لە توركیا دەكەن.
زیاتر گوتی: ”ئەگەر بێت و ئاگربەست رابگەیەنرێت و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە، رەنگە رژێمی ئێستای ئێران فشاری زۆر بكاتە سەر هاووڵاتی و مافەكانیان سنووردار بكات و زیاتر توند بێت، ئەمەش وا دەكات ئێرانییەكان وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن. بۆ نموونە لە شۆڕشی ١٩٧٩ ئەو سیناریۆیە رووی دا، بۆیە ٢ملیۆن ئێرانی لە رێگەی توركیاوە خۆیان گەیاندە وڵاتانی ئەورووپا.“