رۆژنامەی ھەولێر

چەكدانانی پەكەكە گەیشت بە كوێ؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەكەكە، لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١٢ی مانگی رابردوو كۆنگرەی بەست و خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا چەك دابنێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا هیچ گرتەیەكی ڤیدیۆیی یان هیچ هەنگاوێكی كرداری چەكدانانی پەكەكە بۆ رای گشتی نیشان نەدراوە، بۆیە پرسیار ئەوەیە، پەكەكە كەی چەك دادەنێت و ئاخۆ پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە كێشەی تێكەوتووە؟

بەگوێرەی سەرچاوەكانی دەم پارتی، پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت و لە كۆتایی ئەم مانگەدا، یەكەم گرتەی ڤیدیۆیی چەكدانانی پەكەكە دەبینن.
وەزارەتی بەرگری توركیا، لە ١٥ی مانگی رابردوو بڵاوی كردەوە، چەكدانانی پەكەكە جێبەجێ دەكرێت و بە هەماهەنگی وڵاتانی ناوچەكە میكانزمەكانی چەكدانان دامەزراوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی پەكەكە بێت، كە لە كۆنگرەی ١٢ و هەروەها میدیاكانیانەوە باسی دەكەن، پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە، عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی چاودێریی دەكات؛ کەواتە پرۆسەکە كێشەی تێ نەكەوتووەتە و وەكوو خۆی جێبەجێ دەكرێت.
مەدحەت سەنجەر بووە ئەندامی شاندی ئیمراڵی
لە جەژنی قورباندا، بەشێوەیەكی فراوان رێگەیان بە خانەوادەی ئۆجەلان دا تا سەردانی بكەن و جەژنانە لەگەڵ یەكتریدا بكەن، ئەمەش وای كردووە كە پرۆسەی چەكدانان خێراتر بكرێت و ئیمراڵی خۆی چاودێری بكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC)ی توركی، لە ماوەیەكی نزیكدا رێگە بە شاندی ئیمراڵی دەدرێت كە لە چەند پەرلەمانتارێكی دەم پارتی پێك هاتووە تا سەردانی ئیمراڵی بكەن و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت، هەروەها لە شوێنی سری سورەیا ئۆندەر، مەدحەت سەنجەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی دەبێتە ئەندام، ئەمەش رێگا خۆش دەكات تا دەرگای ئیمراڵی كراوە بمێنێتەوە و پرۆسەی چەكدانانیش نەوەستێت.
ئایا شەڕی ئیسرائیل و ئێران كار دەکاتە سەر پرۆسەكە؟
دوای ئەوەی پرۆژەیاسای دادگایی، كە لەلایەن ئاكەپە و مەهەپە پێشكەشی پەرلەمان كرا و دەم پارتی رەخنەی لەو پرۆژە یاسایە گرت، هەروەها دوای بەرپابوونی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پرسیارێك دروست بووە، ئاخۆ ئەو شەڕە و ئەو ناكۆكییەی لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە لە نێوان ئاكەپە و دەم پارتی دروست بووە، كاریگەریی لەسەر پرۆسەی چارەسەری و چەكدانانی پەكەكە دەبێت؟
بەرپرسانی ئاكەپە ئاشكرای دەكەن، پرۆسەكە وەكوو ئەوەی هەیە جێبەجێ دەكرێت و بە هیچ شێوەیەك كێشەی تێنەكەوتووە.هەروەها باس لەوە دەكەن، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماریی توركیا، بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، لە هەوڵی ئەوەدایە كە پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و پرسی چارەسەریی خێراتر بكرێت، تا نەتوانن گرژی ناوەخۆیی لە توركیا بەرپا ببێت. میدیاكانی ئاكەپە بڵاویان كردوەتەوە، پلانەكە وا دانراوە تا كۆتایی ئەمساڵ، پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی پێ بێت.
سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری كۆچكردووی دەم پارتی، بەر لەوەی گیان لە دەست بدات، ئاماژەی دابوو كە ئامانجیانە تا كۆتایی مانگی شەش، پەكەكە دەست بكاتە چەکدانان؛ دەم پارتی دەڵێن، هەوڵی ئەوان بۆ ئەوەیە، ئامانجەكەی ئۆندەر بهێننە دی.