رۆژنامەی ھەولێر

مەرج و کوالیتی خوولی هاوینەی قوتابییان

بەكر كەریم حەسەن
(جۆرج برنادشۆ) نووسەری ئیرلەندی دەڵێ”گرنگترین كاری بنەڕەتی لە ڕاهێنان تەنها فێركردن نییە، بەڵكوو گواستنەوەییە بۆ قۆناغی پراكتیزە كردن
بێگومان خوول و ڕاهێنانەكانی هاوینە بۆ قوتابییان كە ئەنجام دەدرێن، بە شێوەیەكی گشتی و لە بنەڕەتدا بەشێكن لە پڕۆسەی پەرەپێدان و گەشەپێدانی توانا و كارامەییەكانی قوتابی لە چوار چێوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنی بەستراو و جێگیر و مكوم بە یاسا و پەیمانگا و سەنتەر و‌ دامه زراوه کانی تری جۆراوجۆری حكوومی و ناحكوومی كە دەیانەوێ خوولی ڕاهێنان ئەنجام بدەن بۆ قوتابییان لە وەزری هاوین كە پشووی قوتابییانە. سەرەتا ئامانجی خوول رابگه یه نن و مۆڵەتی ئەنجامدانی خوول وەربگرن لە ڕێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەكان بۆ وەزارەتی پەروەردە بە پێی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لەگەڵ ڕونكردنەوە و مەبەست و ئامانج لە كردنەوەی ئەو جۆرە خوولانە (لە ڕووی فێربوونی زمانی نوێیە یان وەرگرتن و بەدەستهێنانی كارامەیی دیاری كراو، یانیش بەهێزكردنی لە بابەتی دیاری كراو تا دوایی…..).
دەست نیشان كردنی بابەتەكان لە چوارچێوەی بابەتە دیاری كراوەكانی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بن، نەك بەمەزەندە بابەت دەست نیشانبكرێ. هەروەها بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی كردنەوەی خوولی هاوینە پێویستە ناوی مامۆستایانی ڕاهێنەر و بابەتەكانیان بنووسرێ لەگەڵ نرخی بەشداری كردنی قوتابییان لە هەر بابەتێك و ماوە و كاتی ئەنجامدانی خوولەكە و ناوەڕۆكی بابەتەكان هەمووی ڕوون بكرێتەوە لە كاتی وەرگرتنی مۆڵەت لەگەڵ دیاری كردنی نرخی
بە شداریکردنی كردنی هەر قوتابییەك لە هەربابەتێك یان زیاتریش.
ئەو جۆرە خووڵانە بە گشتی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە دوای ڕەزامەندی پێدانیان بە بەردەوامی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی پارێزگاكان لیژنەی جۆراوجۆر و پێك دەهێنن و سەردان و بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەرێوەچوونی خولەكان و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان دەكەن بە گشتی لە هەموو ڕوویەكەوە. لە ڕووی مۆڵەت وەرگرتن و پابەند بوون بە نرخی دیاری كراو و بابەتی دەستنیشان كراو، لیژنەكان ڕاپۆرتی ورد و پێویست دەکات بەرزدەكەنەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانیانەوە. لە كۆتایی وەرزی هاویندا پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم خووڵ و دامەزراوەكان بكەن، ڕای قوتابییانی بەشداربوو وەربگیرێ تا چەند سوودیان لە م خولانە بینیوە، تا چەند كەش و ژینگەی فێركردن لە بارو ئاسودە و گونجاو بووە بۆ قوتابییان.
بە دڵنیاییەوە دەڵێم هەر چەندە هەوڵ بدەین بۆ فێركردن و ڕاهێنانی كەسێك ئەگەر نەمانتوانی حەز و ئارەزوی بۆ ئەو جۆرە فێركردن و ڕاهێنانە دروست بكەین، ئەوا هیچ سوود لەو فێركردن و ڕاهێنانانە وەرناگرێ و نە لە خوێندنی نە لە ئیش و كار و ژیانی ڕۆژانەو داهاتووی، كاتەكەشی بە فیڕۆ دەڕوات و خولەكەش بێ ئەنجام دەبێت.
لێرەدا جەخت لەوە، دەكەمەوە بە ڕاشكاوی دەڵێم ئەگەر هەر دامەزراوەیەك بە گشتی (بە هەموو ناوەكانیان) فێركردن و ڕاهێنانی قوتابییەكانی بە پلەیەك لا گرنگ بوو سوود بینی قوتابییان و ناوبانگی دامەزراوەكەی و ویژدانی پەروەردەیی لە سەرووی هەموو شتێكی تر دانا و، قوتابییە5كانی وەكوو منداڵەكانی خۆی تەماشا كرد ئەوا بە دڵنیایی ئەو دامەزراوەیە دەبێتە دامەزراوەیەكی بژاردە و پێشەنگ و ناودار و درەوشاوە و بەردەوام وەكوو دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و فێركردن دەناسرێ و ئەوكات لەلایەن وەزارەتی پەروەردە ڕێز و سوپاسیان ئاراستە بكرێ، ئەوانی تریش كە مەرج و ڕێنماییەكانیان جێبەجێ نەكردووە لێپرسینەوەی پێویستیان لەگەڵ بكرێ.
ماوەتەوە بڵێم پێویستە لەكاتی پێدانی مۆڵەتی كردنەوەی خووڵەكان جۆری پڕۆگرام و بابەتە دەست نیشان كراوەكان، لەگەڵ ڕێكخستن و دیاری كردنی بڕی نرخی بەشداربووی هەر قوتابییەك لە بابەتێك یان زیاتر ڕەزامەندییان لە سەر دەدرێ و دامەزراوەكانیش پابەند دەكرێن.
ئەوانەی باس كران هەر هەمووی لە بەرژوەندی ئەوانەیە كە بەدوای كوالێتی باش و پاشەڕۆژی قوتابییان و دامەزراوەكانیانن. جودا لەوەش ڕێكخستی و یەكخستنی دامەزراوەكان و جۆری خوولەكانە بە جۆرێك قوتابییانی ئازیز لێی سوودمەندبن و كۆمەڵگەش دڵنیا و ئاسوودە بێت كە ئەوەش مەبەست و ئامانجی وەزارەتی پەروەردەیە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی