هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
بەهۆکاری پێنەدانی شایستە داراییەکانیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو یاریزانانی یانەی هەولێر بڕیاری بایکۆتیان دابوو، بەڵام دواتر یاریزانان بایکۆتیان شکاند و بەشداری یاری داهاتوو دەکەن، لەلایەکی تر لەشاری هەولێر بەبەشداری ٣٢ یاریزانی دێرین پاڵەوانیەتی تێنس کۆتایی هات.
یانەی هەولێر یارییەکەی ئەمڕۆی دەکات
یاریزانانی یانەی هەولێر سەرەڕای نەبوونی ئامادەکاری تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی قوە جەوییە، دوێنێ بە پاس گەشتی شاری بەغدایان کرد و ئەمڕۆ کاتژمێر ٩:٣٠ بە کاتی هەولێر دەبێتە میوانی قوە جەوییە لە یاریگای شەعب لە گەڕی ٣٦ یاری خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەم وەرزە کێشەی دارایی قوڵ بەرۆکی یانەکەی گرتووە و سێ مانگە یاریزانانی یانەی هەولێر مووچە و شاییستەکانی داراییان وەرنەگرتووە، بۆیە بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کرد و ئامادەنەبوون، بەبێ وەرگرتنی شاییستەکانی دارایی، مەشق دەستپێبکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەر لە گەشتەکەیان بۆ شاری بەغدا، یاریزانانی هەولێر بەڵێنی وەرگرتنی بەشێک لە شایستە داراییەکانیان لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی کوردستان وەرگرتووە، کە بڕیار وایە دوای گەڕانەوەیان لە هەولێر شایستە داراییەکان وەربگرن.
بەهۆکار وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان بەر لە کۆتایی هاتنی خولی ئەستێرەکانی عێراق چەندان یاریزان ڕیزەکانی هەولێریان جێهێشتووە، رێبین و ئوسامە دوای یارییەکانی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال نەگەڕانەوە هەولێر و بەشداری یارییەکەی نەورۆزییان نەکرد، بەر لەم دوو یاریزانەش، هەریەکە لە عەباس یاسین، هیگۆر ڤیدال و هێلیۆ مۆنتێرۆش گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندەوە و یانەکەی قەڵاومنارەیان بەجێهێشت.
ئەمڕۆ پاڵەوانیەتیی ئاستە جیاوازەکانی تێنس لە هەولێر دەست پێدەکات
بۆ ماوەی سێ رۆژ لە یاریگەکانی تێنسی هەولێر، فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق لقی هەولێر پاڵەوانیەتی کراوەی جووتی یاریزانانی دێرینی تێنس بۆ ٣٢ یاریزان ئەنجامدا، لە پاڵەوانیەتیەکەدا یاریزانانی شارەکانی هەولێر و کەرکووک و موسڵ، بەشداریان کرد، ئەو یاریزانانەی کە لە پاڵەوانیەتیەکە بەشدار بوون مەرجی ئەوە بوو تەمەنیان لەسەرووی ٣٠ ساڵیەوە بێت، تەنیا ٣ یاریزان تەمەنیان نزیک ٣٠ ساڵ بوو بەشداری پاڵەوانیەتیەکەیان کرد، ئەو ٣٢ یاریزانە بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشکران، لە هەر کۆمەڵەیەک ٤ یاریزان بەشداربوون، پاڵەوانیەتیەکە بەشێوازی خول بەڕێوەچوو لە هەر کۆمەڵەیەک دوو یاریزان سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو.
لە کۆتایدا هەردوک یاریزانی شاری هەولێر، ناسر عەبدولرەزاق و وریا عەبدولقادر توانیان پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە بەدەسبهێنن و لە دوو یاریزانی شاری موسڵیان بردەوە.
یاریزانی دێرینی شاری هەولێر جوتیار دلێر سپۆنسەری پاڵەوانیەتیەکەی کرد و سەرجەم خەرجی و خەڵاتەکانی پاڵەوانیەتیەکەی لە ئەستۆ گرت.
لەلایەکی تر بۆ یاریزانانی تەمەنەکانی ١٢،١٤،١٦ ساڵان فیدراسیۆنی تێنسی عێراق لقی هەولێر بەبەشداری ٢٤ یاریزان ئەمڕۆ پێنجشەممە، پاڵەوانیەتی ئاستی ئەو ٣ تەمەن دەکاتەوە، هێمن عەزیز یاریزانی دێرینی شاری هەولێر سپۆنسەری پاڵەوانیەتیەکە دەکات و سەرجەم خەرجی و خەڵاتەکانی پاڵەوانیەتیەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

