ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ڤێرنەر ڕۆیتەر، كەسایەتیی چالاكی بواری هاریكاریی مرۆیی خەڵاتی رێزلینانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی درا پێی.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی ڕۆڵی بەرچاوی ڤێرنەر ڕۆیتەر، لە چالاكیی مرۆیی و گەیاندنی هاوكاریی جۆراوجۆری خەڵكی ئەڵمانیا بە هەرێمی كوردستان، كە لە چوار دەهەی لەمەوبەرەوە تا ئێستا بەردەوام بووە، بەتایبەتی لە نەوەدەكان و دواتر لە كاتی شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، سوپاسنامە و قەڵغانی ڕێزلێنانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی بە ڤێرنەر ڕۆیتەر پێشكەش كرد.
ئەو كەسایەتییە خۆبەخشە بۆ گەیاندنی هاریكاریی مرۆیی بۆ خەڵكی لێقەوماو لە زۆر شوێندا تەنانەت گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە و دڵسۆزانە و خۆنەویستانە كاری مرۆییی كردووە.
لە لای خۆیەوە ڤێرنەر ڕۆیتەر، سوپاسی هەوڵ و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی کرد لە بیست ساڵی ڕابردوودا و كۆی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای بۆ خەڵكی نیازمەند بەرز نرخاند و هیوای سەركەوتنی زیاتری خواست بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاستی ناوچەكە و جیهان.

