پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

د.سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: سەرۆک بارزانی، مەرجەعی چارەسەرکردنی کێشەکانە لە عێراق و ناوچەکەش

د.سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت: “پارتی و سەرۆک بارزانی هەمیشە لە خەمی یەکڕیزی کورددا بوونە، هەر ئەوەش وای کردووە کە لایە‌نە‌ سیاسییە‌کان‌ بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخە بەردەوام پەنا بۆ سە‌رۆک بارزانی بهێنن. دەشڵێ، لە عێراق زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری پێشێل کراون، بۆیە لەم خولەدا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور، بەتایبەتی ماددەی 140، بۆ ئەوەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر ببێت.

  • بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چۆن دەبینی؟
    _ دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی دروستی دا، چونکە دانیشتنەکەی پەرلەمان یاسایی و دەستووری بوو، بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچوو، بۆیە تا 8ی مانگی داهاتوو دەرفەت لەبەردەم لایەنەکانە تا بگەنە ڕێککەوتن، ئەو کات پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و بەپێی دەستوور کەسێک هەڵدەبژێرێت بۆ سەرکۆمار، دوای ئەوە سەرۆک کۆمار فراکسیۆنی گەورەڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
  • پێتوایە پێکهێنانی حکوومەت زۆر بخایەنێت؟
    _ فراکسیۆنی گەورە دەست نیشان دەکرێت، دوای ئەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێردرێت، پاش ئەوە دەست بە گفتوگۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت بگەنە ڕێککەوتن.
  • دەتانەوێت لە بەغدا چی بکەن، تا چەند پێویستە کورد بە یەکڕیزی ڕوو لە بەغدا بکات؟
    _ زۆر گرنگە ناو ماڵی کورد یەکڕیز بێت، جگە لەوەش یەکڕیزی لە نێو ماڵی شیعە و سوننەش بۆ ئێمە وەکو کورد زۆر گرنگە، چونکە سەقامگیریی عێراق لەسەر سێ بنەما بەندە، شەڕاکەت، تەوافوق و تەوازن، یەکڕیزی پڕەنسیپی پارتییە، یەکڕیزی بپارێزێت و بەردەوام بێت لەسەر، بۆ ئەوەی گەلی کورد بە مافەڕەواکانی خۆی بگات، چونکە یەکهەڵوێستی و یەکدەنگیی کورد لە بەغدا، کاریگەریی باشی دەبێ لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکانمان، گومانی تێدا نییە یەکدەنگیی کورد پێگەی کورد لەسەر ئاستی عێراق بەهێزتر دەکات.
  • بۆ ئەو ماددە دەستوورییانەی بەرامبەر کورد پێشێل کراون، دەتانەوێت چی بکەن؟
    _ لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک ماددە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەبووە وەک خۆ ماونەتەوە و جێبەجێ نەکراون، بگرە پێشێلیش کراون، بۆیە دووبارە دادەنیشین و خوێندنەوەیەکی گشتگیر دەکەین بۆ دەستوور و هەوڵ دەدەین سەرلەنەوێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، لەناو پەرلەمانیش ئیش و کاری ئێمە ئەوەیە کە دەستوور بپارێزین، چونکە مەرجعیەتی مانەوەی دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستوور ماوە.
  • بۆ دۆخی ناوچە کوردستانییەکان چی دەکەن، کە ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخی ئەو ناوچانە تێک دەچێت؟
    _ سەدر و لایەنەکانی دیکەش کە زۆرینەن، لەگەڵ ئەوەن کە بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، لەم خولەدا ماددەی 140 دێنینەوە ناو پەرلەمان و کاری بۆ دەکەین، تا بتوانین ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە، لەڕێککەوتنی شنگال دەست پێ دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بارودۆخی ئەو ناوچانە لە شنگالەوە تا خانەقین بەپێی ئەو بنەمایانەی لە ماددەی 140 دانراوە جێبەجێ بکەین.
  • زۆری سەردانی لایەنە عێراقیەکان بۆ لای سەرۆک بارزانی چ خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێت؟
    _ سەرۆک بارزانی بۆتە مەرجعی چارەسەرکردنی کێشەکان لە عێراق و ناوچەکە، سەرۆک بارزانی مەرجعیەتێکی سیاسی و دیبلۆماسیەتی زۆر گرنگە، ئەگەر تەماشای مێژووی هەموو حکوومەتەکانی عێراق بکەین، گرنگترنیان ڕێککەوتنی هەولێرە لە ساڵی 2010 عێراق ڕزگار کرا لە شەڕی ناوخۆ، بەردەوامیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەرێمی و ناوخۆیی لایەنەسیاسییەکان کێبەرکێ دەکەن بۆ گەیشتن بە سەرۆک بارزانی، تا بتوانێت کێشەکانی ناو عێراق چارەسەر بکات. ئەو شاند و لایەنە سیاسییە عێراقیانەی کە سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن تەنها بۆ مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی پێکهێنانی هاوپەیمانی نییە لەگەل پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵکو باوەڕبوون و دانپێدانە بەڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەیەکخستنەوە و کۆکردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییە عێراقیەکان”.