ڤیان دەخیل: دەنگی پێویست بۆ کاندیدی پارتی مسۆگەر کراوە

گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانوستانەکانی شاندی پارتی و لایەنە عێراقییەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و دەشڵێ، دەنگی پێویست بۆ کاندیدی پارتی مسۆگەر کراوە.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دانوستانەکانی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان چەند رۆژێکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە دەچێت و سەردان و دیدار لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان ھەبووە، بە شێوەیەکی گشتیش تا ئێستا ئەنجامی دانوستانەکان دڵخۆشکەرن بۆ پارتی و لێکتێگەیشتنی زۆر دروست بووە.
گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی دەشڵێت، جگە لەو لایەنانەی پێشتر پارتی رێککەوتن یان ھاوپەیمانیی لەگەڵیان ھەبووە، ژمارەیەک لایەن و کۆتلەی دیکەی پەرلەمانی لەگەڵ پارتی تێگەیشتنیان ھەیە.
دەخیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پارتی ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ کۆبوونەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کردووە و بەپێی ئەو دانوستان و لێکتێگەیشتنەی لە نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکان ھەیە، سەرکەوتنی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆککۆمار مسۆگەرە، چونکە رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان ھەن بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن.

ھەواڵی زیاتر