کەمخوێنی حاڵەتێکی باو و ئاساییە کە خوێنی مرۆڤ ئاسن و ڤیتامینی پێویست لەخۆ ناگرێت بەتایبەتی B9 و B12. جگە لەوەش هۆکارە بۆماوەییەکان دەتوانن ببنە هۆی دابەزینی ئاستی هیمۆگلۆبین لە خوێندا.
کەمخوێنی دەبێتە هۆی کۆمەڵێک نیشانە، لەوانە ماندووێتی، بێهۆشبوون، کاڵداگەڕانی پێست، دڵەترپەی ناڕێک (ناڕێکیی لێدانی دڵ)، هەندێکجاریش هەڵوەرینی قژ، شکانی نینۆک و سەختی تەرکیزکردن. ئەم نیشانانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەپێی هۆکاری کەمخوێنی. بۆیە ئەگەر گومانت لە کەمخوێنی هەبوو، پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت و ڕێکاری پزیشکی ئەنجام بدەیت بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی و دیاریکردنی چارەسەری گونجاو.
جۆرەکانی کەمخوێنی
نەخۆشانی کەمخوێنی لە پلەی پێشکەوتنیان جیاوازە. کەسێک کە ئاستی هیمۆگلۆبینی ٩ بێت جیاواز دەبێت لەگەڵ کەسێک کە ئاستی هیمۆگلۆبینی ١١ بێت، ئەم جیاوازییە لە جۆر و توندی نیشانەکانی نەخۆشەکەدا دیارە کە تووشی دەبێت. هەروەها کەمخوێنی بەهۆی هۆکارە جیاوازەکانیەوە لە توندییەکەیدا دەگۆڕێت، لەوانە:
1. کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسن: ئەم جۆرە کەمخوێنییە باوترین جۆری کەمخوێنییە، و بەهۆی کەمی ئاسن لە جەستەدا دروست دەبێت. ئەم جۆرە کەمخوێنییە دەتوانێت تووشی ژنانی دووگیان ببێتەوە بەهۆی زیادبوونی پێویستی ئاسن بە بەراورد لەگەڵ پێش دووگیانی. هەروەها دەکرێت لە حاڵەتەکانی خوێنەچۆڕەی زۆر و لە کاتی سوڕی مانگانەدا لە ئافرەتاندا ڕووبدات. هەروەها کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە ڕێجیمێکی کەم ئاسن پەیڕەو دەکەن، کە بەزۆری لە سەرچاوە ئاژەڵییەکانی وەک گۆشت و چەوریدا هەیە.
2. کەمخوێنی بەهۆی کەمی ڤیتامین: ئەم جۆرە کەمخوێنییە لە ئەنجامی کەمداگەڕانی ڤیتامین B12 و B9 دروست دەبێت، کە ڕێگری دەکات لە بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێنی پێویست. ئەم جۆرە کەمخوێنییە بەزۆری بەهۆی یەکێک لە دوو هۆکارەوە دروست دەبێت: یان خۆراکی ناتەندروست کە ئەم ماددە خۆراکیە گرنگانەی تێدا نییە، یان خۆراکی تەندروست، بەڵام جەستە ناتوانێت ئەم ڤیتامینە هەڵبمژێت.
3. کەمخوێنی بەهۆی هەوکردنی درێژخایەن: هەندێک کەس کە هەوکردنی درێژخایەنیان هەیە، وەکو وەرەم و ئایدز و ئەوانەی گورچیلەیان لەکار کەوتووە تووشی کەمخوێنی دەبن بەهۆی کاریگەری نەرێنی ئەم حاڵەتانە لەسەر توانای جەستە بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
4. کەمخوێنی بەهۆی نەخۆشییە بۆماوەییەکانەوە: ڕەنگە تاک تووشی کەمخوێنی ببێت بەهۆی هۆکارە بۆماوەییەکان و ئەو نەخۆشیانەی کە دەتوانن خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەناو ببەن، ئەمەش بە خێرایی ئاستیان کەم دەکاتەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی تاکەکەسەکە دروست دەکات.