كارزان گلی – ههولێر
دەم پارتی، لە رێگەی شاندێكی باڵاوە، كۆبوونەوەیەكی گەورەی لەگەڵ بەشێكی زۆری پارتە سیاسییە كوردەكانی باكووری كوردستاندا کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی بۆچوونی ئەوان دەربارەی پرسی چارەسەری و هەروەها چەكدانانی پەكەكەش تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكە بووە.
تونجەل بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، سەرۆكی ئەو شاندە بووە كە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتە سیاسییەكاندا كردووە، بەڵام نەیانهێشتووە میدیاكان بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بزانن و بۆ خۆیشیان زانیارییان لەو ڕووەوە نەداوە.
پێشتر پارتە سیاسییە كوردەكانی باكووری كوردستان، گلەیییان هەبووە كە لە پرسێكی گرنگی وەكوو پرسی چارەسەری كورد هیچ پرسێكیان پێ ناكرێت، بۆیە بەكرخان پێیانی گوتووە، عەبدوڵا ئۆجەلان، بە فەرمی داوای لێ كردوون سەردانی پارتە سیاسییە كوردەكان بكەن و بۆچوونی ئەوان وەربگیرێت و پاشان بۆچوونەكە بە ئۆجەلان بڵێنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، سەرۆكی ئەو پارتە سیاسیانە، رەخنە و پێشنیاری خۆیان خستوەتە روو و بە شاندی دەم پارتییان گوتووە كە وەكوو خۆی بیگەیەننە ئۆجەلان.
ئەو پارتە كوردیانەی پێشوازییان لە شاندی دەم پارتی كردووە ئەمانەی خوارەوەن:
_ پارتی ئازادی و مرۆڤایەتیی.
_ كۆمەڵەی كولتوور و دیموكراتی شۆڕشگێڕی.
_ پارتی كۆمەنیستی كوردستان.
_ پارتی ئازادی.
_ پارتی سۆسیالیستی كوردستان.
_ پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا.
بەڵام پارتی ئازادی و ماف (هاك پار)، بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا نەكردووە، ئەوان پێیان وایە پەكەكە سەر بە میتی توركیایە و هەروەها چەندین جار ئۆجەلانیان بە پیاوی میت چواندووە، بۆیە بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەن، كە پەیوەست بێت بەپرسی چارەسەرییەوە، ئەگەر پەكەكە و دەم پارتی تێدا بن، بۆیە بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردووە.
ئۆجەلان لە كۆنگرەی ١٢ی پەكەكەدا، پەیامێكی بۆ كۆنگرە نارد، لەوێدا چەند چەمكێكی بەكار هێنا و كورد و پارتە سیاسییە كوردییەكانی نیگەران كرد، بۆیە بەكرخان پێیانی گوتووە، بە هەڵە لە پەیامەكەی گەیشتوون و مەبەستی ئۆجەلان ئەوە نەبووە بەو شێوەیە باسی كورد و سیاسییەكانی بكات، بەڵام سەرۆكی ئەو پارتانە، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و گوتویانە پێویستە نیگەرانییەكان بە ئۆجەلان بگەیەنرێت.
ئەگەرچی ئەو پارتە سیاسیانە هیچ كورسییەكیان لەناو پەرلەمانی توركیادا نییە، بەڵام كەسایەتیی سیاسیی زۆر گرنگیان تێدایە، كە دەكرێت بۆچوونی ئەوان لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد وەربگیرێت، هەروەها ناكرێت لە پرسێكی وا گرنگدا پارتە بچووكەكان فەرامۆش بكرێن، بۆیە هەر لەبەر ئەو هۆكارانە بووە، كە ئۆجەلان داوای كردووە بۆچوونی ئەوان وەربگیرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (BBC)ی توركی، سەرۆكی چەند پارتێكی سیاسیی كورد پێیان وابووە، چارەسەریی پرسی كورد تەنیا لە رێگەی سیستەمی فیدراڵییەوە دەكرێت، واتە توركیا ببێتە سیستەمی فیدراڵی.
بەڵام بەشێكی تر پێیان وابووە، بەهۆی ئەوەی زۆرترین كورد لە شارە میترۆپۆلەكانی توركیا دەژین، بۆیە فیدراڵی بە چارەسەرێكی باش نابینن.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو، شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان بكەنەوە، لەوێدا بۆچوون و پێشنیارەكانی سەرۆكی ئەو پارتە سیاسیانە بە ئۆجەلان دەگەیەنن.