هەرێمی کوردستان دە ساڵ دەبێت لە پرسی بەرهەمهێنانی گەنم بە خۆبژێوی گەیشتووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە بەرهەمی کشتوکاڵی و لەسەرووی هەمووان دەوڵەمەندە بە بەرهەمی گەنم کە بە گرنگترین جۆری خۆراک لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی هەر وڵاتێک هەژمار دەکرێت. لەپاڵ بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستان هەبوونی ژمارەیەکی زۆری سایلۆ ئاسایشی خۆراکی کوردستانیان دابین کردووە.

هەرێمی کوردستان لانی کەم دە ساڵ دەبێت لە پرسی بەرهەمهێنانی گەنم بە خۆبژێوی گەیشتووە و ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە سەرووی پێداویستییەکانە و تەنانەت ئەو ساڵانەیش کە وشکەساڵی هەبووە لەسەرووی پێداویستییەکان گەنم بەرهەم هاتووە و ڕەوانەی بازاڕەکان و سایلۆکان کراوە.
قەبارەی خۆراک بە یەکێک گرنگترین پێوەری ئابووری وڵاتان لە گەشەپێدان و ئاسایشی خۆراک دادەنرێت و زۆریی خۆراک لە ناوخۆ و کەمکردنەوەی ڕێژەی پشتئەستووریی بە دەرەوە، هۆکارێکی گرینگە لە بەهێزبوونی کۆڵەگەی ئابووریی وڵاتان.
لە ئابووریدا هەبوونی خۆراک بنەمایە و پارە و سەرمایە و تەنانەت زێڕ و خشڵیش بە بێ خۆراک هیچ بەهایەکیان نییە، لە دۆخێکدا کە وڵات گەمارۆ درابێت و وڵاتان دەروازەکانیان بەسەر ڕووتدا داخستبێت، بەڵام هیچ خۆراکێکت نەبێت، تەنانەت ئەگەر بە تۆن زێڕ و بە فەردە دۆلارت هەبێت ناتوانیت پارێزگاری لە خەڵکەکەت بکەی و لە مردن بیانپارێزیت، بەڵام پێچەوانەکەی دروستە و هەبوونی خۆراک بە بێ بوونی پارە و سەرمایەش دەتوانێت ئەو مەترسییە بڕەوێنێتەوە.
گەنم یەکێکە لە بەرهەمە هەرە گرینگەکانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک و بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆراک بەو بەرهەمە گرێ دراون. مادەی گەنم بۆ ئارد و دەیان و بگرە سەدان جۆر خۆراکی تر دەگۆڕدرێت کە بە پڕۆسەیەکی پیشەسازی دەتوانێت هەموو ئەو پێداویستییانە دابین بکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم سۆنگەیەوە و بە تێگەیشتن لە بایەخەکانی ئاسایشی خۆراک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە. لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیان پڕۆژەی جێبەجێ کردوون کە هاوکار بوون لە دابینکردنی زیاتری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
لە بەرهەمهێنان و ئاسایشی خۆراکدا دوو شت تەواوکەری یەکترین یەکەمیان بەرهەم و دووەمیان کۆگەکردن، ئەگەر بەرهەمت هەبێت و کۆگەی پێویستت بۆ هەڵگرتنی نەبێت ئەوا ئاسایشی خۆراکت پارێزراو نییە و بەپێچەوانە هەبوونی کۆگەیش بە بێ بەرهەم واتای نییە.
جگە لەمە لە کاتی نەبوونی کۆگە و سایلۆ، جووتیار ناچارە بە هەرزان ساغی بکاتەوە، هەبوونی کۆگا لە شێوەی سایلۆ یارمەتیی وەبەرهێنەر دەدات تا ئەو کاڵایە بۆ کاتی تر هەڵبگرێت و بۆ مەبەستی بەرهەمی تر سوودی لێ وەربگرێت و بۆ بەرهەمەکانی وەک ساوار، گەنمەکوتە، ماکاڕۆنی و دەیان بەرهەمی تر بیگۆرێت.
توانای کۆگەکردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن تۆنە. ساڵی ڕابردوو لە قوشتەپەی نزیک هەولێر سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم جێبەجێ کرا کە بیست و یەک ملیار دیناری تێچوو.
لە کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی بیست ملیار دینار جێبەجێ کرا. لە بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی هەژدە ملیار دینار جێبەجێ کرا و لە هەڵەبجەش پڕۆژەیەک بە گوژمەی بیست و شەش ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە کە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنمی هەیە. لە دەی ئەم مانگەوە حکوومەتی عێراق دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کردووە وهەندێک سایلۆی کوردستان لەوانەش قوشتەپە هێشتا گەنمی ساڵی ڕابردوویان تێدا ماوە و بەتاڵ نین تا گەنمی نوێیان بۆ بگوازرێتەوە.
بۆ ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، تەنیا چوارسەد ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت لەو بڕەش سەرووی سەد و بیست و دوو هەزار تۆن بۆ هەولێر، سەد و چل و پێنج هەزار تۆن بۆ سلێمانی و سەد و هەژدە هەزار تۆن بۆ دهۆک و چواردە هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای هەڵەبجە دیاری کراوە.
عێراق هەموو ساڵێک بۆ وەرگرتنی گەنم ستەمی لە جووتیارانی کوردستان کردووە و هاندەر نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی گەنمی زیاتر، گرنگ لەوەدایە عێراق هەر بڕێک لە گەنمی کوردستان وەربگرێت ئەوا گەنمەکەی تر لەسەر دەستان نامێنێتەوە و بەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان بنیات نراون و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بە هاوکاریی حکوومەت ڕۆڵی سەرەکییان لە بنیاتنانیدا هەبووە، کۆی ئەو گەنمەی هەیە کۆگە دەکرێت کە بەیەکەوە ئاسایشی خۆراک دابین دەکەن.