ڕائیب جادر – هەولێر
لە پاش شەڕی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر خروقاتی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان زیاد بووە، حەشدی شەعبی و گرووپەکانی دیکە لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاوبوونەتەوە و بوونەتە بەڵا بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە. بەگوتەی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری سەربازی، ئەگەر ھەرێم و بەغدا لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانەوە بگەنە ڕێککەوتن، ھەموو کێشەکان چارە دەبن، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دۆخەکە خراپتر و زۆریش مەترسیدار دەبێت.
لە ساڵانی ڕابردوو لە ناوچە کوردستانییەکان بە دەیان ھاووڵاتیی شەھید و بریندار بوونە و چەندین ھاووڵاتیش ڕفێندراون، ھەموو کردەوە تیرۆریستییەکانیش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق بوونە.
داعش سوودی لەو ناوچە چۆڵانە بینیوە کە کەوتوونەتە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانەوە، زانیارییە سەربازییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن، تا دێت چەکدارە جێماوەکانی داعش خۆیان ڕێکدەخەنەوە، بۆ ئەوەی لە تێکچوونی زیاتری دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراق دەستی خۆیان زیاتر بوەشێنن.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەتایبەتیش دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەدا دروستبوو کە تاوەکو ئێستاش زۆرێک لەو ناوچانە بە بۆشایی ماونەتەوە، ھەمیشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ھۆشداری لەو بارەیەوە دەدرێت لەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بووەتە ھۆی چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژی گرووپ و ھێزە چەکدارەکان.
پێنج سەد و شەست و چوار کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە، زۆرینەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ دروستبوون، کە بەھۆی سەرەکیی ھێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش و کردە تیرۆریستییەکانی گرووپەچەکدارە لەیاسا دەرچووەکان دادەنرێن. شارەزایانی بواری سەربازی، دەڵێن: پێویستە ھەندێک بنکەی ھاوبەش ھەبن بۆ پاراستنی بۆشایی ئەمنی نێوان حکوومەی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان، دەبێت سەرۆکوەزیران سوودانی ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بەو ئاراستەیە نەناوە.
سەبارەت بە پڕنەکردنەوەی ئەو بۆشاییانە، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی لایەنە پێکھێنەرەکانی حکوومەتی عێراق دەکرێت، چونکە لایەنە کوردییەکانی بەشدار لە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە یەکێک لە خاڵەکانی مەرجی بەشدارییان لە حکوومەتی عێراق، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خاڵە وەکو زۆرینەی خاڵەکانی دیکەی تایبەت بە کورد لەو ھاوپەیمانێتییە جێبەجێ نەکراون.
سەردار بەختیار، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: عێراق خاوەن سیادەی خۆی نییە، پابەندی دەستوور و یاسا نییە، ناوچە کوردستانییەکان، ئەو ناوچانەن کە کێشەیان لەسەرە، بەپێی دەستووری عێراق دەبێت لەو ناوچانە ھێزێکی ھاوبەش ھەبێت، کە پێکبێت لە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام ئێستا وانییە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر باڵانسی ھێز لەو ناوچانە گۆڕاوە و ھێزێکی خۆ سەپێن لەو ناوچانە ھەیە، ئەوەش وای کردووە کە بۆشایی ئەمنی ھەبێت.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: بوونی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان ئەمن و ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دەھێنێتەوە، چونکە ئەگەر تەماشا بکەین دوای نەمانی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ئەمن و ئەمان نەماوە، دەبێت جووتیارەکان پێش ئەوەی ببێتە شەو بگەڕێنەوە، ئەوەش شەرعیەت دانە بە ناسەقامگیری ناوچەکە، بۆیە زۆر پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان لەبەر ئەوەی پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو ئەمن و ئەمان ھەبوو، خەڵک دڵنیا بوو کە ئەمنیەت ھەیە، بەڵام ئێستا ئەو ھێزە نەماوە، ئەوانیش لە ئەمان و سەقامگیری ناوچەکە دڵنیا نین.
کەمال محەممەد، شارەزای بواری سەربازی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زۆر گرنگە ھەرێم و بەغدا لەبارەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان بگەنە ڕێککەوتن، ئەوەش ھەم بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەمیش بۆ حکوومەتی عێراق باشە، بۆیە پێویستە لیژنەی ھاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەی کێشەکان بە ھاوبەشی چارەسەر بکەن، ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ کرابایە، ھەموو کێشەکان بە یەکجاری چارەسەر دەبوون.
ئەو شارەزایەی بواری سەربازی، ئاشکراشی کرد: ئەگەر ھەماھەنگی ھەبێت و ڕێگە بە ھێزەکانی پێشمەرگە بدرێت، ھەروەک ٢٠١٧ کە لە سنووری شنگال تاکو مەخموور، لە ھەموو شوێنەکان تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و باشترین ئەمنیەت و ئاسایشیان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دابین کرد، ئێستاش ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەھەمان شێوە ئەم توانایەی ھەیە پارێزگاری لەم ناوچانە بکات، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی ناوەندی و لایەنی ئەمنی ئەو وڵاتە ڕێگربوونە لەوەی کە ھێزی پێشمەرگە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ئەم ناوچانە و ئەمنیەت و ئاسایشی ئەم شوێنانە بپارێزێت.
خدر شەوکەت، شارەزای سەربازی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ڕاستە لە ئێستادا داعش وەکو پێشتری لێ نەھاتووەتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێگرییان لێ نەکرێت و بەو شێوەیە جموجۆڵیان لە زیادبووندا بێت و کردەوە ئەنجام بدەن، وەک پێشوویان لێ دێتەوە، چونکە خەڵکێکی زۆر گەیشتوونەتە داعش و ژمارەیان زۆر زیاد کردووە، کە بە ڕۆژ خەڵکی ئاسایین و بە شەو داعشن، ئەوانیش زیاتر لەو ناوچانە خۆیان ڕێک دەخەنەوە، کە بۆشایی ئەمنی ھەیە.
زیاتر گوتی: ھاوپەیمانان ھاوکارن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا بگەنە ڕێککەوتن، حکوومەتی عێراقیش یەکدەنگ نییە و چەندین ڕای جیاواز ھەن، بۆیە تائێستا پابەندی ڕێککەوتنەکان نابن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، کە بێگومان ئەگەر عێراق سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی نەبێت و لەگەڵ پێشمەرگە ھەماھەنگی نەکات وێران دەبێت و دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھێزە چەکدارەکانی داعش شانەی نھێنییان زۆرە و لە زۆر ناوچە ھەن، ئەمەش ترسێکی گەورەی لای خەڵک دروست کردووە، چونکە خەڵک زیانی زۆری گیانی و ماددی لە دەستییان بینیوە.
قایمقامی قەزای شنگال، گوتیشی: داعش لە عێراق و سوریا ھەیە و شنگالیش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ھەردوو وڵات و داعش بە ئاسانی ھاتووچۆ دەکات، ئەمەش وایکردووە بەردەوام ترس لای خەڵک دروست بێت بەتایبەتی ئاوارەکان، گەڕانەوەیان زۆر قورس دەبێت، چونکە داعش تا ئێستاش لە چالاکی و کردەوەکانی خۆی بەردەوامە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال، جەختی لەوەشکردەوە: ئەو ھێزە ئەمنیانەی لە شنگال ھەن جێی باوەڕ و متمانەی خەڵکی ئێمە نین، چونکە ھەر گرووپێک لە شوێنێکەوە ھاتووە، بۆیە یەک ھێز نییە بتوانێ ئەمنیەتی شنگال و خەڵک بپارێزێت نا بتوانن متمانەیان پێ بکەن، ھەر بۆیە خەڵک بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە ناتوانێت بگەڕێتەوە بەتایبەت ئەگەر مەترسی و ھەڕەشەی داعش ھەبێت.