حەوت پیتی وشەیەک

ئیبراهیم هەورامانی

 

١
هیچ،
ڕووناکییەک لەتاریکیدا،
بە پێکەنینی، ژنێک نابێت!

٢
جاران،
زۆربەی کاتەکانم بە چاوەڕوانی دەبەخشی.
ئێستا،
بە یادکردن لە تۆ!

٣
ئەگەر
دڵی تۆ نەبوایە
من کەی نیشتمانم دەبوو؟!

٤
سەرەتا،
وەرزێک نەبوو،
بەناوی پایز
کە تۆ ڕۆشتیت،
پایز بووبە چوارهەمین وەرزی ساڵ!

٥
بەهار،
بۆیە هێندە جوانە،
لەشێوەی تۆ دەچێت!

٦
نیشتمان و
ئاڵا و
زمانی دایکمم هەیە.
کەواتە لە هیچم کەم نییە،
ئازادی نەبێت.
کە ئازادیم نەبوو،
من هاوڵاتییەکی
بێ ئاڵا و
بێ نیشتمان و
بێ زمانی دایکمم.

٧
هەواڵی ڕۆشتنت،
لە هەڵکردنی ڕەشەبای ڕۆژێکی پایز دەچێت.
وەک گەڵای درەختێک،
بێ لەوەرین،
بژاردەیەکی تر شک نابەم!