جۆل ڤێرن پێشەنگی ئەدەبی خەیاڵی زانستی جیهانی

بەهادین جەلال مستەفا

 

دوای بەدوای خوێندنەوەی شاکارەکانی نووسەری ناوداری خەیاڵی زانستی (جۆل ڤێرن)، بەتایبەتیش کتێبی (جۆل ڤێرن و ڕۆمانی فێرکاری)ی کچە نووسەری فەڕەنسی (سیمۆن ڤێرن)، چەند ڕاستییەک ڕوون دەبێتەوە دەربارەی توانست و کارامەیی ئەم کچە نووسەرە، لە بەشێکی ئەم کتێبەدا هاتووە:
(جۆل ڤێرن ئەو نووسەرە بەرزەیە کە خۆی لەخۆیدا ئەفسانەیەکی هاوچەرخی جیهانی ئەدەبە، مرۆڤێک بوو کە هزر و داهێنانی خۆی لە گۆڕانکارییەکانی ژیان و شۆڕبوونەوە بۆ مەینەتی و دەردەکانی کۆمەڵ هەڵدەهێنا و دەیکردە هەوێنی نووسینەکانی، بەتایبەتیش لە ڕۆمانەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە).
لە ساڵی ١٨٦٢ (پ. ژ. هێتزێل) کە نووسەرێکی بەناوبانگ و خاوەن دەزگەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە بوو، دەستنووسێکی لە نووسەرێکی نەناسراوەوە بە دەست گەیشت بە ناوی (پێنج هەفتە لە ئاسمان)، دوای بڵاوکردنەوەی ئەم دەستنووسە، چەند تێبینی و سەرنجی خستەڕوو دەربارەی ئەو بەرهەمەی ڤێرن، کە گەڕانە بە دوای بنەماکانی پەروەردەکردنی نەوەی تازە و پێشکەشکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگاری، ئەمەش بە ڕێگەی چاپکردنی گۆڤارێکی تازە هاتووەتە دی کە تیایدا نهێنییەکانی تازە دۆزراوەی زانست و تەکنیکیی ئەو کات ئاشکرا دەکات و، منداڵ و هەرزەکاران لەسەر سوودوەرگرتن لە داهێنان و پێشکەوتنی خەیاڵی زانستی ئاگادار دەکردەوە. ڤێرن سوودیشی لە (هنری گارسیە) وەرگرت و، چەندین چیرۆکی بەپێزی نووسی، کە زۆربەیان لە دۆزینەوەی هزر و بیری تازە خۆیان دەدیتەوە، بە جۆرێک کە کاتێک ڤێرن شاکارەکانی چاپ و بڵاودەکردنەوە، بە پلەی یەکەم پشتی بە هێتزێل دەبەست، چونکە هەر ئەو بوو بایەخی پێ دەدا و، هاندەری سەرەکیی بوو لە بەدیهێنانی خەونەکانیدا، زۆر جار پەنای بۆ هێتزێل دەبرد بۆ چاککردنی هەڵە و بیرۆکەکانی تا دەگەیشتە دوا پرۆڤەی نووسینەوە و، بە سنگفراوانیشەوە گشت بۆچوون و ڕەخنەکانی بە هەند هەڵدەگرت، بەڵام هەندێ جاریش جۆرە لەیەک تێنەگەیشتنێک سەریهەڵدەدا، بەتایبەتی لە داڕشتنی بیرۆکەی جووڵە و ڕەفتاری کەسایەتی و پاڵەوانە سەرەکییەکانی ناو چیرۆکەکانی، بۆ نموونە، لە ڕۆمانی (دوورگە شاراوەکە) کاتێ ڤێرن پاڵەوانێکی بە ناوی (نیمۆ) هەڵبژارد و زۆر ڕۆڵی دیار و کاریگەری لەناو ڕۆمانەکە خستە پاڵ، هێتزێل ڕەخنەی لێگرت و، تا ڕادەیەک ئەم هەڵوێستەی پێ گۆڕی و، بە شێوازێکی دیکە کاراکتەرەکەی هێنایە ناو مەیدانی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، کە زەقتر خۆی نواند و، دواتریش قەناعەتی پێهێنا کە بەم شێوەیە دایبڕێژێت. ڤێرن لە نووسینەکانیدا خەیاڵ و ئەفسانەی بە زانست دەبەستەوە، بۆیە دەبینین لە (سەرکێشییەکانی کاپتن هاتێراس)دا پاڵەوانی چیرۆکەکە (ئەکسل) هەوڵی زۆری دا بگاتە چەقی زەوی و (نادار)یش لەسەر مانگ دابەزی، ڤێرن لەم چیرۆکەدا چەندین بەڵگە و شوێنەواری شارستانیەتی لەسەر مانگ دۆزییەوە، دیارە (نیمۆ)ش ژێر دەریای هەڵبژارد بۆ ئەوەی دوور لە جیهانی مرۆڤی ئاسایی ژیان بەسەر بەرێت، کەواتە پاڵەوان و کەسایەتییەکانی ناو هەموو ڕۆمان و چیرۆکەکانی ڤێرن، بە پلەی یەکەم تەنیا پشتی بە خەیاڵ و ئەفسانە نەدەبەست، بەڵکو دۆزینەوەی زانستییش پێوەندی بەم شاکارانەوە هەبوو، بۆیە دەبینین پڕۆژەیەکی زانستی هێنایە ئاراوە لە میانی ڕۆمانەکانیدا، هەر لەبەرئەوەشە ڕەخنەگران بە شێوەیەک دەڕواننە ئەم نووسینانە کە هیچیان لە (ئیلیادە و ئۆدیسا) کەمتر نین، ڤێرن لە نووسینەکانیدا زیاتر هەستی بە بەختەوەری دەکرد، کاتێ وەسفی ئەو شوێنانەی بکردایە کە هێشتە نەدۆزرابوونەوە و کەس دەرکی پێ نەدەکردن.، بۆیە پرسیارەکە لەوەدایە، نهێنیی سەرکەوتنی ڕۆمانەکانی ڤێرن لە چیدایە؟ ئایا تەنیا وەک جوگرافیناس و دۆزەرەوەی ئەو شوێنانەی ڕۆمانەکانی باسیان لێوە دەکات دەردەکەوێت، یان شێوازی تەکنیکی پێشکەوتووی داڕشتنی چیرۆک و ڕۆمان هۆکاری پێشبڕکێی داهێنان و سەرکەوتنە لای ڤێرن؟ لە (سەرکێشییەکانی کاپتن هاتێراس)دا، ڤێرن دەیەوێت بۆ خوێنەرانی خۆی بسەلمێنێت کە چەقی زەوی گەرمە و زەحمەتە هیچ مرۆڤێک یان گیانلەبەرێک بیگاتێ، بەڵام ماف بە پاڵەوانی چیرۆکەکەی دەدات بگاتە ئەو شوێنانەی کە تا ئێستاشی لەگەڵدابێ کەس بۆی نییە لێیان نزیک ببێتەوە، بۆیە دەبینین لە ڕۆمانی (کەرە زێڕینەکەی ئەپولیوس) کاتێ پاڵەوانی چیرۆکەکە چاوی بە خواوەند (ئیزیس) دەکەوێت، پێی ڕادەگەیەنێت کە یەکەمجارە دەبینێت خۆر لە شەودا هەڵدێ!

جۆل ڤێرن کێیە؟
جۆل گابرییل ڤێرن لە ساڵی ١٨٢٨ لە فەڕەنسا لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٠٥ کۆچی دوایی کردووە، لە دوای خۆی نزیکەی (٧٥) ڕۆمان و چیرۆکی بەجێهێشتووە، کە زۆربەیان دەچنە قاڵبی خەیاڵی زانستییەوە، یەکەم ڕۆمانی (گەشتێک لە ئینگلتەراوە بۆ سکۆتلەندا) لە ١٨٥٩ بڵاوی کردەوە، دوا ڕۆمانیشی (گەورەی جیهان) لە ساڵی ١٩٠٣ بە چاپی گەیاند.
سەرەڕای ڕۆمانەکانی، چەندین شانۆگەری، کورتە چیرۆک، ژیاننامە، شیعر، گۆرانی، لێکۆڵینەوەی زانستی و هونەری و ئەدەبی نووسیوە، بەرهەمەکانی هەر لە سەرەتاکانی سینەماوە کراون بە فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی، جگە لە چیرۆکی وێنەدار (کۆمیک)، شانۆ، ئۆپێرا، مۆسیقا و یارییە ڤیدیۆییەکان.
ڤێرن بە گشتی وەک نووسەرێکی گەورەی ئەدەبی لە فەڕەنسا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دادەنرێت، کە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر ئەدەبی پێشڕەو (ئاڤانگارد) و سوریالیزم هەبووە. ناوبانگی لە ناوچە ئینگلیزی زمانەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە، کە تێیدا زۆرجار وەک نووسەری ئەدەبی خەیاڵی (ژانر) یان ئەدەبی منداڵان وەسف دەکرێت، ئەمەش بەهۆی وەرگێڕانە کورتکراوەکانی ڕۆمانەکانییەوە کە دووبارە چاپکراونەتەوە، ناوبانگە ئەدەبییەکەی لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە باشتر بووە.
جۆل ڤێرن لە ساڵی ١٩٧٩وە بە دووەم نووسەر دادەنرێت لە جیهاندا کە ڕۆمانەکانی زۆرترین وەرگێڕانیان بۆ کراوە، ڕیزبەندییەکەی لە دوای ئاگاسا کریستی و پێش ویلیام شێکسپیر بووە؛ هەندێکجار ناسناوی “باوکی خەیاڵی زانستی” پێدەدرێت، کە ناسناوێکە هەروەها بە هێربێرت جۆرج وێڵز و هوگۆ جێرنزباکیش دراوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا، زۆرترین نووسەری فەڕەنسی بووە کە بەرهەمەکانی لە جیهاندا وەرگێڕدراون، دیارترین شاكارەكانی، لە بواری كورتە چیرۆك؛ دراما لە مەكسیك، دراما لە هەوا، لە خەیاڵی زانستییەوەش؛ لە زەوییەوە بۆ مانگ، پاریس لە سەدەی بیستەمدا،شاری سەرئاوكەوتوو، بەڵام لە ڕۆمانیشدا ئەم بەرهەمانەی نووسیون؛ گڕكانی زێڕین، ڕزگاربووان لە جۆناسان، ئادەمی نەمر، ئەزموونی دكتۆر ئۆكس، بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەرەوە لە فەڕەنسا ساڵی ٢٠٠٥ وەک “ساڵی جۆل ڤێرن” ڕاگەیەندرا.

سەرچاوە:
– (ڤێرن و ئەدەبی جیهانی) نووسینێكی د. یوسف عیزەدین عیسا- یە بە عەرەبی.
-(جۆل ڤێرن) ناونیشانی كتێبێكە لە نووسینی نیهاد شەریف ساڵی 1972 لە قاهیرە چاپكراوە.
– (جیهانی جۆل ڤێرن خەیاڵی زانستی و ئەدەبی سەدەی بیستەم) كتێبی مەحموود قاسم، ساڵی 1993 لە تونس چاپكراوە.