مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
یانەی بایرن میونشن، بە ئەنجامی 10 گۆڵی بێوەڵام لە یانەی ئۆكلاند سیتی بردەوە، كە پێشتریش چەند ئەنجامێكی هاوشێوە و نزیك لەوە، لە پاڵەوانیەتی و خولە جیاوازەكانی جیهان تۆمار كراوە.
لە یارییەكانی مۆندیالی (2025)ی تۆپی پێی یانەكانی جیهاندا، یانەی بایرن میونشن بە ئەنجامی 10 -0 گۆڵ یارییەكەی لە یانەی ئۆكلاند سیتیی نیوزلەندی بردەوە و ناوی چووە مێژوو.
كەمجار لە یاری و پاڵەوانیەتییە گەورەكاندا، یانەكان بەو ژمارە زۆرەی گۆڵ بردوویانەتەوە، بەڵام ئەمەی خوارەوە چەند ئەنجامێكی گەورەیە كە یانە و هەڵبژاردەكان لە خول و پاڵەوانیەتییە جیاوازەكان لە مێژوو و ڕێكەوتی جیاوازدا، تۆماریان كردووە.
لە پاڵەوانیەتیی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا (1979 – 1980)ـدا، یانەی ئەیاكس ئەمستردام بە ئەنجامی 10- 0 گۆڵ لە یانەی ئۆمۆنیا نیقۆسیای قوبرسی بردەوە.
لەو یارییەدا یانە هۆڵەندییەكە، بە شێوازی هێرشبردن یاریی كرد بەرانبەر ئۆمۆنیای قوبرسی و یارییەكەی 10- گۆڵ بردەوە و ئەستێرەی یارییەكە سۆرین لێربی بوو، كە 5 گۆڵی لە یەك یاریی گەورەترین پاڵەوانیەتیی ئەورووپادا تۆمار كرد
هاوكات لە یارییەكانی مۆندیالی ساڵی 1982 كە لە ئیسپانیا بەڕێوە چوو، هەڵبژاردەی تۆپی پێی هەنگاریا بە ئەنجامی 10-1 گۆڵ لە هەڵبژاردەی سلڤادۆری بردەوە.
بەو پێیەیش بووە خاوەن گەورەترین لە مێژووی سەرجەم مۆندیالەكانی تۆپی پێدا، كە لە قۆناغی گرووپەكاندا ئەو ئەنجامەی تۆمار كرد.
سەرەڕای ئەو سەركەوتنە گەورەیەش، نەیتوانی بگاتە قۆناغی دووەمی مۆندیال و دوور خرایەوە.
وێڕای ئەوەش لە یارییەكانی جامی كیشوەرەكان لە 2013 لە بەڕازیل، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا، سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد و بە ئەنجامی 10-0 گۆڵ لە هەڵبژاردەی هایتیی بردەوە.
لەو یارییەدا فێرناندۆ تۆرێس، بە تەنیا چوار گۆڵی تۆمار كرد و دەیڤید ڤیا سێ گۆڵی تۆمار كرد. لەو یارییەدا جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئاستی هەردوو یانەدا بە دی دەكرا.
لە خولی تۆپی پێی قەتەر لە وەرزی 2018/2019ـدا، ئەنجامێكی گەورە تۆمار كرا و یانەی سەد بە ئەنجامی 10-1 گۆڵ لە یانەی عەرەبیی بردەوە.
لەو یارییەی لە خولی ئەستێرەكانی قەتەڕ بەڕێوە چوو، یانەی سەد، بە ئەنجامێكی گەورە لە یانە ڕكەبەرەكەی (عەرەبی)ی بردەوە. بەغداد بونەجاح، یاریزانی جەزائیری لەو یارییەدا بە تەنیا چوار گۆڵی كرد و ژمارەی پێوانەیی لە پاڵەوانیەتییەكەدا تۆمار كرد.