لیۆنێل مێسی: مۆندیالی یانەكان پاڵەوانێتییەكی سەرسوڕهێنەرە

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

لە 24 كاتژمێری رابردوو، زۆرترین هەواڵ لەبارەی چارەنووسی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بڵاوكرایەوە، هێشتا داهاتووی مەهدی تارەمی هێرشبەری ئێرانی دیار نییە. لە لایەكی دیكەیشەوە، لیۆنێل مێسی ستایشی مۆندیالی یانەكان دەكات و دەڵێت: پاڵەوانێتییەكی سەرسوڕهێنەرە.

مەهدی تارەمی سەری لێشێواوە
مەهدی تارەمی هێرشبەری ئێرانی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ئەستەمە بتوانێت لەگەڵ یانەکەی، بەشداری مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا بکات، چەندان ئۆفەریشی پێگەیشتووە، نزیكترینیان یانەی بێشكتاشی توركییە.
هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی ئێران، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ گەرایەوە وڵاتەکەی، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی چەند رۆژێک پشوو وەربگرێت و پاشان گەشتی ئەمریکا بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکەی بەشداری مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی و داخستنی فڕۆکەخانەکان، ئەو یاریزانە لە وڵاتەکەی گیریخواردووە.
ئالفرێدۆ پێدۆلا رۆژنامەنوسی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی ئینتەر میلان لە هەوڵی ئەوەدان رێگەچارەیەک بۆ گەیشتنی مەهدی تارەمی هێرشبەری یانەکەیان بدۆزنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە. ئەو رۆژنامەنوسە بڵاویشی کردووەتەوە یەکێک لە پێشنیارەکان ئەوەیە، تارەمی لە رێگەی زەمینی گەشتی عێراق بکات و دواترە لەو وڵاتەوە بە ئەمریکا گەشتی ئەمریکا بکات. نزیکترین بژاردەش بۆ ئەو یاریزانە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە، بەڵام گەشتەکانی ئەم فرۆکەخانەیەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانە وەستاون.
بە گوێرەی رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا، یانەی بێشكتاشی توركیا لە گفتوگۆدایە بۆ گواستنەوەی مەهدی تارەمی، ئەگەرەكان بۆ ئەوەن ئەم یاریزانە لەم هاوینە ئینتەر میلان جێدەهێڵێت.
ئینتەر میلان رۆژی 18ـی ئەم مانگە کاتژمێر 04:00 بەیانی بە کاتی هەولێر، لە یەکەم یاری خۆی لە کۆمەڵەی پێنجەمی مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی مۆنتێری مەکسیکی دەبێتەوە.

راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دیاریكرا
گێنارۆ گاتوزۆ بە شێوەیەکی فەرمی لە شوێنی لوسیانۆ سپالێتی، وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەستنیشانکرا و بەم زووانە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی دەست بە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 دەکات.
ماڵپەری فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، گێنارۆ گاتوزۆ یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە شوێنی لوسیانۆ سپالێتی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان. سپالێتی دوای یاری بەرامبەر مولدۆڤا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، بە یەکجاری وازی لە راهێنەرایەتی ئازۆری هێنا.
دوای دۆڕانەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەرامبەر نەرویج لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بە ئەنجامی 0-3، سپالێتی کەوتە ژێر فشارێکی گەورە و دواجار بڕیاریدا واز لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بهێنێت، بەرپرسانی تۆپی پێ ئیتاڵیا زۆر هەوڵیاندا کلاودیۆ رانیەری رازی بکەن ببێتە راهینەری هەڵبژاردەکەیان، بەڵام ئەو راهێنەرە رازی نەبوو.
گاتوزۆ لەوەتەی ساڵی 2013 کاری راهێنەرایەتی دەکات، لەو کاتەوە راهێنەرایەتی 11 یانەی کردووە، دیارترین یانەکانیش کە راهێنەرایەتی کردبێت، یانەکانی ئەیسی میلان و ناپۆلی و ڤالێنسیا و ئۆڵمپیک مارسێی بووە، بەڵام لەگەڵ هیچ لەم یانانە سەرکەوتوو نەبوو و یەکەمجاریشە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک دەکات.

كاردانەوەكانی ئێنریكی و سیمیۆنی
دوای سەركەوتنە گەورەكەی پاریس سانجێرمان بە چوار گۆڵی بێوەڵام لە دژی ئاتڵێتیكۆ مەدرید، لویز ئێنریكی و دیێگۆ سیمیۆنی كاردانەوەی جیاوازیان لەبارەی یارییەكە هەبوو.
لویس ئینریکی راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان رایگەیاند ئەو وەرزە ئامانجەکانیان روون بووە توانیویانە بە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ میژوو دروست بکەن، دەشڵێت: ئەوەی لەم وەرزە روویدا شتێکی ئەرینی بووە بۆ یانەکەمان، بەڵام ئەمە لاپەرەیەکی نوێیە دەبێت نیشانی بدەین توانای بەردەوامبوونمان هەیە، ئەمە تەحەدایەکی گەورەیە بۆ یاریزانەکانمان، هاندەرانی ئێمە برسین بۆ بردنەوەی ناسناو، ئەمە هەستێکی باشەو پاڵپشتی تیپەکەمان دەکەن، یەکەم برندەوە لەم پاڵەوانییەتیە زۆر گرنگە ، بەڵام ئەمە کۆتایی رێگاکە نیەو تازە دەستمان پێیکردووە.
لە لایەكی دیكەوە، دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتڵێتیكۆ مەدرید رایگەیاند ئەوان شایستەی سەركەوتن نەبوو، دەشڵێت: یارییەکی قورسبوو تیپێکم بینی بەردەوام هەوڵیان دەدا و بەهێز بوون، پاریس باشتربوو، ئیمەیان خستە ژێر فشار، بەباشی تۆپەکانیان دەگواستەوە، هەوڵماندا دۆخەکە هەڵگەڕێنینەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوین، سەرەتایەکی خراپبوو، بەڵام یاریمان ماوە پێیوستە بە متمانەوە بگەڕێنەوە نێو پاڵەوانییەتیەکە.

مێسی: مۆندیالی یانەكان زۆر سەرسوڕهێنەرە
لوینێل مێسی دوای ئەنجامدانی یەکەم یاری لەجامی جیهانی یانەکان، دڵخۆشە بە بەشداریکردن لەم پاڵەوانییەتیە نوێیە، پێیوایە دەرفەتێکی باشە بۆ یاریزانە گەنجەکان تواناکانی خۆیان نیشانی جیهان بدەن.
مێسی لەمبارەیەوە دەڵێت: بەدڵنیاییەوە ئەم پاڵەوانییەتیە زۆر سەرسورهێنەرە، خۆشحالم لەم پاڵەوانییەتیە یاری دەکەم، کۆمەڵیک تیپی گەورە لەسەرانسەری جیهانەوە دێن، ئەمەش جێگەی سەرنج دەبێت بۆ خەڵکێکی زۆر لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تیپی گەورە هەن کۆمەڵێک یاریزانی گرنگیان هەیە ئەمەش وادەکات خەڵک حەزبکەن بیانبینن، یەکەم جارە پاڵەوانییەتیەکەی نوێ و جیاوازە ئەمە وادەات دەرفەتێکی ەگورە بە یاریزانەکان بدات بۆ ئەوەی بدرەوشێنەوە، هەروەها بۆ تیپەکانی ئەمریکای باشوور یان تیپەکانی ناوچەکانی دیکەی جیهان کە دێن بۆ ئەمریکا بۆ یاری کردن ئەمە سەرنجراکیشە، من دەمەوێت چێژ وەرگرم لەگەڵ ئەو یانانەی یاریم لەگەڵ نەکردوون ئەمە بۆمن جێگەی خۆشحاڵییە بەهەمان شێوە هاندەرانیش چێژ لەم یارییانە وەردەگرن.

ئینفانتینۆ: تۆپی پێی ئەمریكا دەگاتە لوتكە
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا بەخۆشحاڵییەوە باس لە جامی جیهانی یانەکان دەکات و پێیوایە جامی جیهانی یانەکان دەتوانێت تۆپی پێ لە ئەمریکا بکاتە یەکێک لەوەرزشە سەرەکییەکانی هاوشێوەی باسکەو تۆپی پێی ئەمریکی.
ئینفانتینۆ لەمبارەیەوە دەڵێت: تۆپی پێ وەرزشی ژمارە یەکە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمە وەرزشیکی جیهانییە، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین دەبینین یانە نوخبەکان یاخود زۆر گەورەکان چر بوونەتەوە لەچەند وڵاتێکدا، پییوستە تۆپی پێ جیهانی بێت، بۆیە دەبێت دەرفەت بدەین بە یانەکان لەناوچەکانی دیکەی جیهان بۆ ئەوەی رکابەری لەگەڵ باشترین یانەکاندا بکەن، دوای یارییەکە ئینجا دەتوانین بڵێین کامەیان باشترینە، یەکێک لە ئامانجەکانمان لە جامی جیهانی یانەکان دواتریش لە مۆندیالی هەڵبژاردەکان ئەوەیە تۆپی پێ لە ئەمریکادا زیاتر بەرەو پێش بچێت و ببێتە یەکیک لەوەرزشە سەرەکییەکان هاوشێوەی باسکەو تۆپی پێی ئەمریکی، گرنگی زۆرمان بە کاری ناوبژیوانی داوە ئەوان دەتوانن لەڕێگەی هیدفۆنەوە پیەوەندیان هەبێت لەهەمانکاتدا لە ڕیگەی کامیرای بچووکەوە هەندێک وینە ببین، لەکاتێکدا تۆ لەگەڵ یاریزانەکان لە یاریگا دەتوانین هەندیک وێنەیان ببینیت، تۆپی پێ وەرزشێکی ناوازەیە، لێرە سوپرایزی زۆرمان دەبێت با بینین بزانین کێ دەبێتە پاڵەوان، تاوەکوو چوارساڵی دیکە ئەو یانەیە باشترینی جیهانە.