سلێمان تاشان – ههولێر
هەینیی ڕابردوو ١٣ی حوزەیران لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بازاڕەکانی دراو کەوتنە ژێر کاریگەریی جەنگ و بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی. دوای چوار ڕۆژ لە دەستپێکردنی جەنگ ڕوون بووەتەوە کە کاریگەرییەکان تەنیا سایکۆلۆجی بوون و لە ڕووی داراییەوە هیچ شتێک ڕووی نەداوە تا بەهۆیەوە زیان بەر بەهای دینار بکەوێت و جێگیربوونی نرخەکەیشی بە دۆخی سیاسیی عێراق گرێ دراوە.
نرخی هەر سەد دۆلاری ئەمەریکی لە دوو ڕۆژی یەکەمی جەنگ گەیشتە نزیکەی سەد و پەنجا هەزار دینار بەڵام دواتر نرخی دینار ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بە سەد و چل و چوار هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و پێشبینی دەکرێ لە ئەگەری ڕەوینەوەی مەترسییەکان نرخەکەی زیاتریش بەرز ببێتەوە و بگاتە سەد و چل و دوو هەزار دینا. جێی باسە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا نرخی دینار بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببوویەوە و نرخی سەد دۆلار بە سەد و چل و دوو هەزار دینار جێگیر بببوو.
ئەو مەترسییە لەئارادابوو لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ دۆخی تەناهیی عێراقیش ئاڵۆز ببێت و لەو کاتەشدا شتێکی ئاساییە کە بەهای دراوی فەرمیی وڵات ڕوو لە دابەزین بکات.
عێراق هیچ کێشەیەکی دارایی لە ئێستەدا نییە و جگە لەوەی کە نەوتەکە وەک جاران هەناردە دەکرێت تەنانەت نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە و کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی داهاتەکەی دەبێت، لە لایەکی ترەوە قەبارەی ئەو زێڕ و دراوە یەدەگەی عێراق هەیەتی بەرچاوە و دەتوانێت پاڵپشتیی لە بەهای دینار بکات.
نرخی دینار لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا بەوە بەستراوەتەوە دۆخی سیاسیی عێراق لە ژێر کاریگەریی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت.
ئەگەر عێراق بتوانێت خۆی لە ئاگری ئەو جەنگە بپارێزێت و حکوومەتەکەی جڵەوی گرووپە میلیشیاکان بکات ئەوا کاریگەرییە نەرێنییە ئابوورییەکانی لەسەر نامێنێت و لە ئەگەری سەرهەڵدانی پشێوی و ئاڵۆزی و هەڵکوتانە سەر باڵوێزخانەکان و ڕووبەرووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوخۆی عێراق دەتوانێت زیانی زۆر گەورە بە ئابوریی عێراق بگەیەنێت و بەهای دینار بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێنێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە تایبەتی هەر یەک لە گرووپەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتیبەکانی حزبوڵا و نوجەبا و باڵە توندئاژۆکانی حەشد داوای هەڵکوتانە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان و دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایان کردووە لە کاتێکدا ئەمەریکا خۆی لەم جەنگەدا نییە و ئەگەر لە ناو جەنگەکەشدا بێت ئەوا ئەوەی ڕوو دەدات لە نێوان وڵاتانی تردایە و پرسەکە هیچ پێوەندییەکی بە عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە نییە.
بۆ نموونە نوجەبا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە هێزەكانی ئەمریکا بەتەواوی لە هەموو خاک و ئاسمانی عێراق دەربکا جگە لەمە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بانگەوازی ئامادەکاری و ڕێکخستنی بەرەوەی مقاوەمە بۆ جەنگ دەکەن و بۆیەش ئەگەر حکوومەتی عێراق پێشیان نەگرێت ئەوا دەبنە هۆکاری ئاڵۆزیی و تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و لەو کاتەشدا زیان بەر سەرجەم کەرتەکانی ئابووری و لەسەرووی هەمووان بەهای دراوی فەرمی دەکەوێت و قەیرانێکی تر دەخاتە سەر قەیرانەکانی عێراقەوە.