ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی: بە جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژانە کێشەی ئاو لە هەرێمی کوردستان نامێنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕاگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی ئاو لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، کە ھەندێکیان لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، ھەندێک پڕۆژەی دیکەش لە تەندەریندانە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە، بەوەش تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی کەم ئاوی لە ھەرێمی کوردستان نامێنێت. دەشڵێ: لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٦٠ ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەن، لەو ڕێژەیە ٩١%ی ھاوبەشان پێوەریان بەستووە.

سامانی ئاو لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و سەد ھەزار مەتر سێجا ئاو بەرھەمدەھێندرێت، بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوڕۆی ھەرێم، ئەمە بڕێکی زۆرە و ڕێژەکە لە تەواوی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان زیادە، بەڵام نزیکەی ٣٠% لەم بڕە ئاوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش وایکردووە ھەندێ کات ھاووڵاتییان دووچاری کەم ئاوی ببنەوە.
یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بووە، لە ئێستادا بەنداو و پۆندێکی زۆر دروستکراون، بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، کە لە ھەرێمی کوردستان ٢١ بەنداو و زیاتر لە ١٢٠ پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو ھەن، حکوومەتی ھەرێم ستراتیژیەتی زیادکردنی ئەو ژمارەیەی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیرانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی داڕشتووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، جگە لە پاراستنی سەرمایە، کۆکردنەوەیەتی بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ڕەخساندنی ھەلی کار، زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی ھاووڵاتییان لە لافاو.
بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، دەڵێت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما خواست لەسەر بەکارھێنانی ئاو زیاد دەبێت، ٥٠% دابینکردنی ئاو لە ڕێگەی بیرەکانە، ٥٠%ـیش لە ڕێگەی پڕۆژەکانە، ئەمساڵ باران کەم باری، ئەوەش وای کرد بەشێکی زۆر لە سەرچاوەکانی ئاو و کانیاوەکان وشک ببن، ھەندێک پڕۆژەی ستراتیژی ئاو ھەن، ئاوی ئەو پڕۆژانەش کەم بووەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێن وشکەساڵی زۆر کاریگەری خراپی لەسەر ئاو ھەبووە، ھەر چەندە ھەوڵمان داوە لەڕێگەی پرۆسەی تانکەرین لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە کێشەکە چارە بکەین، بەڵام ئەو کەمیە ئاوە و کەمی باران بارین کاریگەری زۆر خراپی ھەبووە، لەگەڵ ئەوەش ھەوڵمان داوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، وەکو پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، کە ٥٥%ی تەواو بووە، گوپتەبە- چەمچەمال، کە دەست بە پڕۆژەکە کراوەتەوە، پڕۆژەی ئاوی ٥١ گوندی بارزان کە ٨٥% تەواو بووە و تا کۆتایی ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کە ٥٦% و پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان ٥٠% تەواو بووە، لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی ھەولێر ئەوانە زیاتر گرنگی پێ بدەین، بۆ ئەوەی زۆر دەستکاری ئاوی ژێر زەوی نەکەین، کە ھەندێک لەو پڕۆژانە ئەمساڵ تەواو دەبن، ئەوانی دیکەش لە سەرەتای ساڵی نوێ تەواو دەبن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، ئەوەش وا دەکات لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە نەمێنێت، ئەوەی دیکەش ھەوڵمان داوە لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە لە ڕێگەی پرۆسەی تانکەرین ئاو دابین بکەین، بۆ ئەوەی کێشەی ئاو نەمێنێت.
ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، دەشڵێ: ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٥٠ بیر وشک دەبن، بۆ جێگرەوەی ئەو بیرانە، بیری نوێ لێ دەدرێت، لەگەڵ تەواو بوونی ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان بەتایبەتی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی ھەولێر و پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، ئەو پڕۆژانە وا دەکەن تا ڕادەیەکی باش کێشەی کەمی ئاو نەمێنێت، ھەروەھا لە ھەولێر و دەوروبەری کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر لە ھەزار و دوو سەد بیر ڕابگرین و ئەو ئاوەی کە تێیاندایە بپارێزین و دەستکاری نەکەین.
بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پرۆژەی فریاگوزاری ئاوی ھەولێر، دوو مەرحەلەیە، مەرحەلەی یەکەم لە کۆتایی مانگی حەوت تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، بۆ کۆتایی ساڵیش ھەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێت و لەو شوێنانەی کێشەی ئاو ھەیە نامێنێت، کە بۆ ئەمساڵ ھەوڵمان داوە لەناو سەنتەری شاری ھەولێر و دەوروبەری کەمترین کێشەی ئاو ھەبێت، بەوەش ئەو بیرانەی وشکبوونە دووبارە لێدراونەتەوە، لە ھەمانکاتدا شێوازی دابەشکردنی ئاو ڕێکخراوەتەوە، لەو شوێنانەی ئاو وەکو پێویست ناگات بە تانکەر ئاویان بۆ دابین کراوە.
ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، زیاتر گوتی: کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەولەویەتی کارەکانی سێکتەری ئاو بووە، سەرەڕای ئەوەی قەیرانی دارای ھەبوو، بەغدا بەردەوام کێشە بۆ ھەولێر دروست دەکات، بەڵام چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ئاو لە ھەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە لەوانە پڕۆژەی ئاوی گوپتەپە- چەمچەماڵ، پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی ھەولێر و قوشتەپە، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە چەند پڕۆژەی دیکەی ئاو دەکرێن لەوانە پڕۆژەی ئاوی دووکان سێ و چەند پڕۆژەیەکی دیکە، ئەوانە ھەموو پڕۆژەی گەورە و ستراتیژینە و بودجەیەکی گەورەی بۆ سەرف کراوە.
بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، ئاشکراشی کرد: لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٦٠ ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەن، ئەو ھاوبەشانە سەرووی ٤٥٠ ملیار دینار قەرزدارن، سەبارەت بە پێوەری ئاویش ٩١%ـی ھاوبەشانی ئاو پێوەریان بۆ بەستراوە، ئەو پێوەرەش بۆ پێوانی ئاوە، ئەوەش وا دەکات ھاووڵاتییان بەشێوەی ھەرەمەکی ئاو بەکارنەھێنن، ھەروەھا دەتوانین ئەو بڕە ئاوەی کە دەدەینە ھاووڵاتییان زیاد بکەین، بە فیڕۆدان کەمتر بکەینەوە، ئەوەش وا دەکات ئەو شوێنانەی کە کێشەی ئاویان ھەیە نەمێنێت، بۆیە پێوەری ئاو زۆر یارمەتیدەر و سوودی ھەیە بۆ ھاووڵاتییان.
لە کۆتاییدا ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، گوتی: بابەتی زێدەڕۆی لەسەر تۆڕەکانی ئاو، یان زیاد سەرف کردن لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ئەوە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت، یەکێک لەو بابەتانە کە کارمان لەسەر کردووە بەستنی پێوەرە، بەستنی تەوافە، پێدانی ڕێنماییە بە ھاووڵاتییان بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ شێوازی بەکارھێنان چ بۆ ئاودانی باخچە بێت، چ بۆ شوشتنی بەردەرگا و ناو ماڵ بێت، ئەوانە ھەمووی بەردەوام ڕێنمای تایبەتیان دەدرێتێ، بەڵام ئەوە پێویستی بە زیاتر کار لەسەر کردنە، ئێمەش بەردەوام کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین.