وا چاوەڕوان دەکرێت، لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا بۆ پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر و ئاڵنگارییەکان گۆڕانی کەشوهەوا لە هەولێر پایتەخت، پڕۆژی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێبکات، لە پرۆژەکەدا ملیۆنان دار لە دەورووبەری هەولێر دەچێندرێن و لەگەڵیاندا چەندین پۆندی گلدانەوەی ئاویش دروست دەکرێن.
لە دوایین کۆبوونەودا، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و لایەنى دیکەی پەیوەندیدار، کارەکانی ئەم پرۆژە ستراتیژییە تاوتوێ کرا و گفتوگۆ لەبارەى پرۆژەی پشتێنەی سەوزایيی شاری ھەولێر کرا کە لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەپێناو کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، لە چوارچێوەی ماستەرپلانى شارى هەولێردایە و گرنگیی زۆری هەیە. لەم پڕۆژەیەدا بڕیارە چهندان ملیۆن دار لە دەوروبەری شارى هەولێر بچێندرێن و لەگەڵیاندا چەندان پۆندی گلدانەوەی ئاویش دروست دەکرێن و دەبێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی خۆڵبارین و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا.
بۆ ئەو مەبەستەش دواى بەدواداچوون و بەرچاوڕوونيى لەبارەى قۆناغەکانى کارکردن لەو پرۆژەیەدا، کۆبوونەوە وێڕاى داڕشتنى ڕێوشوێن و میکانیزمى پێویست، بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشیدا لەنێوان فەرمانگە و دامەزراوەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەر گرفت و کیشەیەک هەبێت لەوبارەیەوە.
پێشتر بەڕێوبەری کشتوکاڵی هەولێر، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە وردەکاری و ئامانجی پرۆژەکە، ڕایگەیاندووە ؛ پشتێنەی سەوزایی هەولێر بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێر دەسوڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری.
١_ پانی پشتێنەکە دوو کیلۆمەترە.
٢_ لەگەڵ پشتێنەکە زیاتر لە 10 پۆند دروست دەکرێن.
٣_ پشینیازکراوە ملیۆنان داری زەیتون و فستق بچێنرێن، چونکە ئاویان کەم دەوێت و بەرهەمەکانیان داهاتی زۆرە.
٤_بە یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەولێر دادەنرێت.
٥_ جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، یەکێک لە سوودەکانی پاراستنی زەویی کشتوکاڵییە کە بۆ پڕۆژەی نا کشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنێت.
جێگەى باسە، پشتێنەی سەوزایيی هەولێر، پرۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی ١٥٠ مەتری، پانی پشتێنەکە دوو کیلۆمەترە، لەگەڵ دروستکردنى زیاتر لە ١٠ پۆند، بڕیارە لەو پرۆژەیەدا داری زەیتوون و فستق بچێنرێن، ئامانج لە پرۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنهيهت.