رێگەی بەحرکە بۆ ماوەی 15 رۆژ دادەخرێت

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ “بەهۆی نۆژەنکردنەوە و کارکردن لە ڕێگەی هەولێر – بەحرکە ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە ڕێگەکە لە بەرزەپردی شەقامی 120 مەتری بەئاراستەی بەحرکە دادەخرێت”.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە؛ “کارکردن لە رێگەکە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە قۆناخی یەکەم، کارکردن لە سایدی هەولێر بەرەو بەحرکە تا سووڕانەوە یەکەمی بەحرکە دەبێت. دوای تەواوبوونی، قۆناخی دووەم لە سوڕانەوەی یەکەم تا پردی شەقامی 150 مەتری خێرا دەست پێ دەکات”.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر پێشنیاز دەکات هاووڵاتییان لەماوەی داخرانی ئەو رێگەیە، چەند رێگەی جێگرەوی دیکە بەکاربهێنن کە بریتین لە: “رێگەی هەولێر شەقڵاوە لە شەقامی 150 مەتری، رێگەی کۆنی بەحرکە، رێگەی 150 مەتری- گەزنە بۆ بەحرکە”.