ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
مۆندیالی 2025ـی یانەكان بە بەشداریی 32 یانە لە ئەمریكا دەستی پێكرد، یانەی ئینتەر مەیامی لە شكستێكی شەرمەزاری رزگاری بوو، یانەی ریال مەدریدیش بۆ یەكەمین یاریی لە مۆندیالی یانەكان بە سەركردایەتی چابی ئالۆنسۆ ئامادەیە.
لە یەکەم یاریی مۆندیالی یانەکان، ئینتەر مەیامی میوانداریی پاڵەوانێتیەکە، بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی رووبەڕووی ئەهلی میسڕی بوونەوە، لە کۆتاییدا یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. نیوەی یەکەمی یارییەکە، مەحموود حسێن ترێزیگێ یاریزانی ئەهلی میسڕی، لێدانێکی سزای لەدەستدا و نەیتوانی سێ خاڵی یارییەکە بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت.
ماسكيرانۆ سەرسام بوو بە ئاستی مێسی
خاڤێر ماسكیرانۆ راهێنەری یانەی ئینتەر مەیامی لە دوای یارییەكەیان بەرامبەر ئەهلی میسری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند دڵخۆشە مێسی توانی بەشداریی تەواوی یارییەکەی بەرامبەر ئەهلی بکات، دەشڵێت: ئێستا ئێمە پێنج رۆژ دەرفەتی ئامادەکاریمان لەبەردەمە و دواتر رووبەڕووی یانەی پۆرتۆ دەبینەوە، ئەوەی راستی بێت لیۆ لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەو لە 16 یاری رابردوو بێجگە لە یارییەکەی بەرامبەر داڵاس، بەشداری هەموو یارییەکانی کردووە، مێسی هیچ کێشەیەکی نیە و ئامادەیە. ئێمە هەموو ئامانجمانە چاودێری لیۆ بکەین، ئەمە شتێکی روونە کە یەکێک لە پلانەکانمان ئاگاداربوونە لە مێسی، ئێمە دڵنیام بۆ یارییەکانی داهاتووش ئامادە دەبێت و بۆ ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت و لە باشترین ئاستی خۆی دەبێت. دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەمساڵ خۆی بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی دەدات، بەڵام ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەکەین.
ریال مەدرید گەیشتە ئەمریكا
شاندی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بە مەبەستی بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان، گەیشتە شاری فلۆریدای ئەمریکا.
یانە ئیسپانیەکە دوای دەست نیشانکردنی چابی ئالۆنسۆ وەکو راهێنەری نوێی یانەکەیان، لە شوێنی کارلۆ ئانچێلۆتی رۆژی 18ـی ئەم مانگە واتە چوارشەممەی داهاتوو کاتژمێر 10:00ـی شەو بە کاتی هەولێر، لە یەکەم یاری رووبەڕووی یانەی هیلالی سعوودی دەبێتەوە.
یانە ئیسپانیەکە لە کۆمەڵەی هەشتەمی مۆندیالی یانەکان، رووبەرووی یانەکانی هیلالی سعوودی و پاچوکای مەکسیکی و سالزبورگی نەمسایی دەبێتەوە.
لە کاتی گەیشتنی یاریزانانی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ شاری فلۆریدای ئەمریکا، چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکە لەبارەی ئامادەکارییەکانی یانەکەی گوتی، ئەوان کاتێکی کەمیان بۆ ئامادەکاری بەدەستبووە، بەڵام ئامانجیانە ناسناوەکە ببەنەوە.
ئالۆنسۆ: هێشتا پێكهاتەی سەرەكیم دیار نییە
چابی ئالۆنسۆ راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی ئامادەكارییەكانی یانەكەی بۆ مۆندیالی یانەكان گوتی: ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ مۆندیالی یانەکان کردووە، هەرچەندە کاتێکی کەممان لەبەردەم بوو بۆ ناسینی یەکتری، ئەمڕۆ ڤینیسیۆس و ئاردا گولەر پەیوەندیمان پێوە دەکەن، دواتر لەگەڵمان دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن. هەموو ئامانجمان ئەوەیە رکابەرییەکی باش بکەین و سەرکەوین بۆ یاری کۆتایی، دواتریش ناسناوەکە ببەینەوە. بۆ ئێمە هەموو پاڵەوانێتیەکە کە بەشداری دەکەین گرنگە، زۆر بە پەرۆشین بۆ دەست پێکردنی یەکەم یاریمان و چاوەڕێش دەکەین پاڵەوانێتیەکە سەرکەوتوو بێت. روحیەتی یاریزانەکانمان زۆر بەرزە و کاری باشمان لەو ماوە کورتە پێکەوە کردووە. ئێمە لە قۆناغێکی نوێداین، دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین یەکتری بە باشی بناسین و لە یەکەم یاری بەرامبەر یانەی هیلالی سعوودی، هەموو ئەو شتانە بەرچاو دەگرین، تا ئەم كاتانەش بڕیارم لەسەر پێكهاتەی سەرەكی نەداوە.