لابردنی گۆشتی زیادەی ناولووت

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

گۆشتی زیادەی ناولووت لە ئەنجامی هەوکردنی درێژخایەنی لووتدا گەشە دەکات.

د. شێرکۆ محەمەد عەلی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ ڕوونی دەكاتەوە كە هەرچەندە ئەم گەشەكردنە گەشەیەکی ناشێرپەنجەییە، بەڵام ناڕەحەتی بۆ نەخۆشەکە دروست دەکات و ڕێگری لە هەناسەدان دەکات.
د. شێرکۆ محەمەد لەبارەی چارەسەری گۆشتی زیادەی لووت بەبێ نەشتەرگەری ئاماژە بەوە دەكات كە: گۆشتی زیادەی لووت بە تێپەڕینی کات قەبارەی زیاد دەکات و بەردەوام دەبێت لە هەوکردن و گیراندنی لووت و پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بەڵام ئەگەر گۆشتی زیادەی لووت لە قەبارەدا بچووک بێت و ئاڵۆزی دروست نەکات دەتوانرێت نەشتەرگەری بۆ ئەنجام نەدرێت.
هەر بۆیە دەرمان دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی قەبارەی گۆشتی زیادەی لووت کەم بکاتەوە و نیشانەکانی باشتر بکات، بەڵام بنبڕی ناکات.
ئەو پزیشكە دەربارەی گۆشتی زیادەی لووت كە بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت جەخت دەكاتەوە كە: نەشتەرگەری چارەسەری سەرەتایی و یەکلاکەرەوەی گۆشتی زیادەی لووتە. ئەم حاڵەتانە بە شێوەیەکی گشتی بە باشترین شێوە لە ڕێگەی لابردنی نەشتەرگەرییەوە چارەسەر دەکرێن بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکانی وەک هەوکردن، گیران، یان نیگەرانی جوانکاری.
لابردنی گۆشتی زیادەی لووت لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە باشترین ڕێگایە بۆ بنبڕکردنی تەواوەتی، هەرچەندە لەوانەیە دووبارە سەر هەڵبداتەوە و گەشە بکا.