ڕائیب جادر – هەولێر
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەھۆی ئاو و خاکە بە پیتەکەی بە چەندین جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی بەناوبانگە جووتیاران ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرھەمەکانیان لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە ساغ دەکەنەوە. کامەران حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئیدارەی سۆران شوێنکی دەوڵەمەندە و لەبارە بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی، بۆ ئەو مەبەستە کار بۆ زیادکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان دەکەین. دەشڵێ: بۆ زیاتر پشتگیری کردن لە جووتیاران لەو شوێنانەی کە سەرچاوەکانی ئاو وشک بوونە، یان کەم بووەتەوە پۆندی کشتوکاڵی دروست دەکرێن، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت و بەروبوومی خۆماڵی زیاد دەبێت، لە ھەمان کاتدا ھەلی کاریش زیاد دەبێت.
ھاووڵاتییان بۆ پێداویستی ڕۆژانەیان لەبەر تام و جوانییەکەیان ڕوو لە بەرھەمی خۆماڵی دەکەن، داوا دەکەن بەرھەمی ھاوردە کەم بکرێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە بەرھەمی خۆماڵی بدەن، چونکە بەروبوومی خۆماڵی جوانترە و تامیشی خۆشترە. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاتی پێگەیشتنی کۆمەڵێک بەرھەمی خۆماڵییە، وەکو جووتیاران دەڵێن، ئەگەر بەرھەمی دەرەوە ھاوردە نەکرێت دەتوانن بەرھەمی ناوخۆ دەستەبەر بکەن و ھەلی کاریش زیاتر بکەن، کە ئیدارەی سۆران لە بارە بۆ بەرھەمی خەیار، تەماتە، ترێ، ھەنار، ھەنجیر و خۆخ و چەند بەرھەمێکی دیکە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: ئاو و ھەوا و خاکەکەی ئیدارە سۆران لە بارە بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، بەروبوومی زۆر باشمان ھەیە، بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی دەتوانین پەرە بە بابەتەکان بدەین و ھەمیش بازاڕ پەیدا بکەین بۆ ساغ کردنەوەی بەروبوومی جووتیاران.
کامەران حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، دەشڵێ: ساڵانە بارانی مسۆگەرمان ھەیە بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی، کە لە ناوچەکە بەرھەم دەھێنرێن، کۆمەڵێک بەروبوومی خۆماڵیمان ھەیە کە ناوبانگی باشیان ھەیە، لەوانە خەیار، تەماتە، ترێ، ھەنار، ھەنجیر، خۆخ، قەیسی، ھەتا ھەنگوینێکی باش لە ناوچەکە ھەیە، ھەروەھا فستەق، کە ھەوڵدەدەین بکەینە کلتوورێک لەو ناوچەیە کە ئێستا ھەندێک ھاووڵاتی باخی فستەقیان داناوە و ناوچەکەش لە بارە بۆ ئەو بەرھەمە، لەڕووی بازرگانیشەوە زۆر باشە و پارەیەکی باش دەکات، لەگەڵ ئەوەی لە باڵەکایەتی گوێز ھەیە و ئێستا لەو ناوچانە زۆر گرنگی پێ دەدرێت، گوێزەکەی بەتامە و بەشداری دەکات لە داھاتی جووتیاران و پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕ، ھەروەھا کار دەکرێت بۆ ئەوەی پەرە بە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بدرێت، ھەروەھا ھەوڵدەدرێت ئاستی بەرھەمەکان زیاتر بکرێت، پاڵپشتی بکرێن لە ناردنە دەرەوەی ئەو بەروبوومانە بۆ دەرەوەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڵام ئەمساڵ لەبەر کەمی باران ئاستی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی کەم بووەتەوە، ھەمیش کێشەی خۆڵ بارینمان ھەیە، ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی داچاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان ھەیە، کە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی و زۆر لە کانیاوەکان وشک بوونە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، جەختی لەوەشکردەوە: وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی ناوەندیمان ھەیە، ئەو پلانە ڕاستەوخۆ پشتگیری لە ساغکردنەوەی بەروبوومی جووتیاران دەکات، کاتێک بەروبوومێکی ناوخۆ پێ دەگات ھاوردەکردنی قەدەغە دەکرێت، ئەمە پشتگیریەکی زۆر بەھێزی جووتیارانە ھەوڵ دەدەین بەردەوام چاومان لەسەر عەلوەکان بێت بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت، ھەر بابەتێک لە چوارچێوەی دەستەڵاتی دارایی خۆماندا بێت ھاوکاری جووتیاران دەکەین و کەلوپەلی پێویست بەسەر جووتیاران دابەش دەکەین.
کامەران حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: ئەمساڵ لەبەر زۆری کوللە دەرمانی قرکەرمان بەسەر جووتیاران دابەشکردووە، کە ناوچەکە شەش قەزا و ١٣ ناحیە لە خۆ دەگرێت، ھەروەھا بەردەوام ڕێنمای دەدەینە جووتیاران بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بدەن، بۆ ئەوە تەنیا بابەتەکە بژێوی ژیان نەبێت، بەڵکو بتوانن ھەناردە بکەن، ھەروەھا ھەوڵ دەدەین لە ڕێگەی چەند بازرگانێک کارگەی ئاوە تەماتە و کارگەی شەربەت لە ناوچەکە دروست بکەین، ئەوەش بۆ ئەوەیە بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیاران بدۆزینەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، زیاتر دەڵێ: لە وەزارەت لیژنە پێکھاتووە و ھەندێک شوێن پێشنیار کراون بۆ ئەوەی پۆندی کشتوکاڵی دروست بکرێن، ئەوەش بەھۆی کەمی بارانە، کە ئێستا کێشەی ئێمە کێشەی ئاوە، دەمانەوێت ھاوکاری جووتیاران بکەین، لەو شوێنانەی کە سەرچاوەکانی ئاو وشکبوونە، یان کەم بووە.
لە کۆتاییدا کامەران حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی سۆران زۆر لە بارن بۆ کشتوکاڵ کردن، بەڵام پێشتر لەبەر پەکەکە کەس نەدەوێرا ڕوو لەو ناوچانە بکات، ساڵانی ڕابردوو لەبەر نائارامی ناوچە سنوورییەکان زۆرجار جووتیاران لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومەکانیان ناچار بوون بەروبوومەکانی خۆیان بەجێبھێڵن بەوەش زیانێکی زۆریان پێ دەگەیشت، بەڵام ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت و بەروبوومی خۆماڵی زیاد دەبێت، لە ھەمان کاتدا ھەلی کاریش زیاد دەبێت، چونکە ئەو ناوچانە فراوانن، کە ئێستا ناوچەی قەدەغەکراون و خەڵک ناتوانێت بۆ کشتوکاڵ کردن بەکاربھێنێت.