ئەگەر باوەڕتان بە دیموکراسی نییە ئەی ئایین ؟

شێرکۆ حەبیب
لەوەتەی لە یادمە و ئەوەی خوێندومەتەوە، کورد و دەسەڵاتدارانی بەغدا لە گفتوگۆدان هەر لەسەردەمی پادشایەتی و تا ئەمڕۆ، ئەو دانوستاندانە هەردەم بێ ئاکام بوونە و بە زیان گەڕاوەتەوە بۆ میللەتی کورد، تەنیا ئەو چوار ساڵەی رێککەوتنی ١١ی ئادار ساڵی ١٩٧٠ تا وەکو ١٩٧٤ کە لە ئاکام هەمدیس دەسەڵاتی بەغدا خیانەتی لە کورد بە تایبەتی و گەلی عێراق بەگشتی کرد.
کورد بە نیازێکی پاکەوە و پابەند بەمەرجی ڕێککەوتنەکان گفتوگۆ دەکات بەپێچەوانەی لایانی بەرامبەر هەر هەلێکی بۆ هەڵکەوت لەدواوە خەنجەری ژەهراویت لێ دەدات، سەرجەم ڕژێمەکانی عێراق هەر لە سەردەمی پادشایەوە تا ئەمڕۆ بەڵێن بەکورد دەدەن کە کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، بەڵام هەر ئەوەندە پێگەی خۆیان قایم کرد بەهەموو شێوەیەک هەوڵەکانیان چر دەکەنەوە بۆ لە ناوبردنی کورد.
دوێنێ لە ڕوانگەی نەتەوەیی و نەژاد پەرستی هەموو هەوڵێکیان دا، ئەمڕۆ لە دوو ڕوانگەوە ڕوانگەی نەتەوە پەرستی و ئاینەوە دژایەتی کورد دەکەن، کە ئەمەش چاکە و پاداشتی کوردە دەیدەنەوە کە ساڵەهای ساڵ لە کوردستان داڵدە درابوون لە ڕژێمی پێشوو پارێزراو بوون، ئەمڕۆ بەناوی ئاین و زۆرینە دژایەتی کورد دەکەن، چونکە لای ئەوان هێشتا هەر بە ڕبەی تەقتەقە، هەر ئەوەندە لە دیموکراسی گەیشتوون زۆرینەوە و کەمینە، نازانن کەوا زۆرینە و کەمینە ئەگەر لە دژی بەرژەوەندیەکانی گشتی و وڵات بێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت و زیان بە تاکی وڵات دەگەیەنێ، مەرج نییە هەموو بابەتێک بە زۆرینە و کەمینە بێت نەخاسمە لە وڵاتێکی وەک عێراق، بەڵکو دەبێ لەسەر بنەمای هاوبەشی و شەراکەتێکی راستی و لێکتێگەیشتنی دروست، ئەوەی جێگای سەرسوورمانە ئەوانە لە بەغدا لە دەسەڵاتدان زۆربەیان خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپین و لەوێ ژیاون هیچ کاتێک بینیان بریارێک پابەند بێت بە بەرژەوەندی گشتی بڵێن زۆینەوە و کەمینە، چەند کەسایەتی بەرەگەزی جیاواز خەڵکی ئەو وڵاتە نەبوون و پلە و پۆستی باڵایان پێدرا، خۆزگە تۆزێک لەو دیموکراسییە تێگەیشتبان.
ئەوە زانیمان ئێوە و دیموکراسی کوجا مەرحەبا، ئەی ئاین و باوەریتان بە کەلامی خودا لەویش نەگەیشتوون، ئایا ئاینی پیرۆز ئیسلام وا دەڵێ بژێوی هاووڵاتی بێ گوناە لە ڕۆژانی جەژنی قوربان ببڕن؟ کام ئاین لە ئاینە پیرۆزەکانی ئاسمان وا دەڵێ، بەداخەوە ئێوە نەک لە دیموکراسی نەگەیشتوون بەڵکو لە ئایینەکەش نەگەیشتوون تەنیا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان پیادەی دەکەن.
بۆیە دانوستاندن و حوکمڕانی لەگەڵ ئەوانە مەحاڵە. ئەوان تێڕوانینی دوژمنایەتی و رەگەز پەرستی پیادە دەکەن و کوردیش تەبایی و پێکەوە ژیان و ئاشتی. ئەمەش مەحاڵە یەکبگرن.