ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
بۆ پاراستنی تەندروستیی دەموددان و دڵنیایی لێی، سەردانی ساڵانەی پزیشکی پسپۆڕی ددان زۆر گرنگە؛ لەم سەردانەدا پزیشکی پسپۆڕ دەموددان دەپشکنێت و، کێشەکانی دەموددان دەستنیشان دەکات، وەک کێشەی پووک و کلۆری. دەستنیشانکردنی پێشوەختە ڕێگە بە نەخۆشەکان دەدات لە ماوەیەکی کورتدا و بە تێچووی کەمتر چارەسەری کێشەکە بکەن.
شێوازی پاککردنەوەی ددانەکان
باشترین ڕێگا بۆ پاککردنەوەی دەموددان فڵچەیە، کە دەبێ لە لای پووکەوە بەرەوە لای سەرەوەی ددانەکاندا بیهێنیتەوە بە جوڵەیەکی بازنەیی؛ هەتا ددان بە لە هەموو لایەکەوە پاک ببێتەوە.
ئامۆژگاری بۆ هەڵبژاردنی هەویرددان
وا باشترە هەویرددان لە دەرمانخانە دابین بکرێت تا لە دووکان و مارکێت. پێویستە هەویرددانی گونجاو بە پێی بارودۆخی دەم و پووک هەڵبژێردرێت. ئەگەر کەسێک ددانی زۆر تێک چووە، پێویستە هەویرێکی دژەکلۆری هەڵبژێرێت. ئەگەر کەسێک بیەوێت ددانی سپی بکاتەوە، پێویستە جۆرێک هەڵبژێردرێت کە تایبەتە بە سپیکردنەوە واتە هەویرددانی خەڵووز.
کلۆری و هۆکارەکانی
خراپبوونی ددان چەندین هۆکاری هەیە، لەوانە هۆکاری بۆماوەیی. بۆ ئەو کەسانەی کە پێشینەی خێزانییان هەیە لە خراپی دداندا، پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە خراپبوونی ددان بە بەکارهێنانی شۆردنی دەم بۆ بەهێزکردنی دەموددان و ڕێگریکردن لە خراپبوونی ددانەکان.
سەبارەت بە خراپبوونی ددان لە منداڵدا، زۆرجار بەهۆی خۆراکێکی دەوڵەمەند بە شەکرەوە دروست دەبێت، کە زیانی بۆ تەندروستیی منداڵ و تەندروستیی ددان هەیە. بۆیە گرنگە گرنگی بە خۆراکی منداڵان بدرێت و دڵنیا بن لە پاکوخاوێنی و تەندروستیی دەموددانیان، چونکە خراپبوونی ددان لە ددانی کۆرپەدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆ ددانی هەمیشەیی.
سپیکردنەوەی ددان
بۆ پاراستنی سپیایی و رەونەقی دەموددان، گرنگە کاتێکی گونجاو بۆ شوشتنی ددانەکانت هەڵبژێریت. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەگەر بەیانیان قاوە بخۆیتەوە، باشتر وایە دوای ئەوە دەموددانت بشۆیت با ڕەنگەکەی نەگۆڕێت. هەروەها باشتر وایە پێش خەوتن دەموددانت بشۆیت. ئەگەر دەموددانت ڕەنگی گۆڕاوە، پرس بە پزیشک بکە، با ڕێنماییت بكات.
هۆلیوود سمایل
لەم ساڵانەی دواییدا زەردەخەنەی هۆلیوود زیاتر بەناوبانگ بووە. بریتییە لە دانانی قەپێلێکی زۆر تەنک لەسەر پێشەوەی ددانەکان بۆ ئەوەی سپیاییەکی دڵخوازیان پێ بدرێت. ئەم تەکنیکە بە تەکنیکێکی جوانکاریی ددان دادەنرێت. بەڵام پێویستە سەرەتا ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و پشکنینی دەم و پووکت بۆ بکرێت بۆ دڵنیایی لەوەی ئەم تەکنیکە بۆ تۆ گونجاوە.