شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا هێرشی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ئیدانه‌ ده‌كات

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدای به‌ توندی ئیدانه‌كرد و ئه‌و په‌لاماره‌ی به‌ كارێكی تیرۆرستی ناوبرد، داواشی له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرد، به‌رپرسیارێتی له‌ئه‌ستۆ بگرن، تاوانباران ئاشكرا بكه‌ن و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ش كێوماڵ بكه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، كه‌ له‌ نووسینگه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رچووه‌، هاتووه‌: “شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ توندی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌ ئیدانه‌ ده‌كات، كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدای كرده‌ ئامانج و ئه‌و په‌لاماره‌ به‌ پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیدار ناو ده‌بات و سنووربه‌زاندنێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری نیشتمان، چونكه‌ فڕۆكه‌خانه‌ روكاری وڵاته‌ و یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاریی و زینده‌ییه‌كان”.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، “جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و داوای له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، به‌رپرسیارێتییه‌كه‌یان بگرنه‌ ئه‌ستۆ و لایه‌نی به‌رپرس له‌و تاوانه‌ ئاشكرا بكه‌ن، ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ كێوماڵ بكه‌ن و توانای هه‌واڵگرییان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، له‌پێناو راونانی شانه‌ نوستووه‌كانی تیرۆر و كێشه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی چاره‌سه‌ر بكه‌ن”.