هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەوڵ دەدەین کیشەی مووچەی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و ماف و شایستەکانی جووتیاران لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر بكەین

چیا تەیموور عەبدال، كاندیدی پارتی بە ژمارە ٢٢، بازنەی ٣ی پارێزگای دهۆک كە ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخانیش دەگرێتەوە، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی “هەولێر”ـدا دەڵێت، بۆ داواکردن و وەرگرتنەوەی مافە خوراوەکانی گەلی کورد، دەچێتە بەغدا.

ئەو كاندیدی پارتی دەڵێت: “ئەركی من خزمەتكردنە بە وڵاتەکەمانە واتە كوردستان؛، لە هەرکوێیەکدا بم، لە هەرێمی كوردستان بیێت یان لە بەغدا، درێغی ناكەم لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێم دەسپێردرێت؛ لەوەش بترازێ، هیچ ئامانجێکێ تایبەتم نیە؛ کاتێ دڵم ئۆقرە دەگرێ، گەلەکەم ئۆقرەی گرتبێت؛ هەر كاتێ گەلەکەم لە خۆشگوزەرانیدا بێت ئەوا هەست بە ئارامی دەکەم؛ کە چوویشم بۆ بەغدا ئەوەی لە توانامدا بێت بۆ كورد و كوردستان دەیكەم.
یەکێک لەو خاڵانەی ئەم كاندیدەی پارتی باسی لێوە كرد كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بوو، لەم بارەیەوە چیا تەیموور گوتی: “پەرلەمانتار ناتوانێت خۆی بە تەنیا هەموو كێشەكان چارە بكات؛ جا با بەڵێنی زۆر گەورە نەدەین، بەڵام لە خەبات و كۆڵنەدان سڵ ناکەینەوە ئەوەی لە توانامدا هەبێت دەکەین؛ هەوڵیش دەدەین لەگەڵ نوێنەرەكان لەناو حكوومەت كێشەكان بە هاوبەشی چارە بكەین کە یەکێک لەو کێشانە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوورە كە پێشتر تەگەرەی بۆ دروست كراوە.
ئەو كاندیدەی پارتی لە دهۆک دەشڵێت: “ئەگەر دەرچووین و بووینە پەرلەمانتار ئەوا هەوڵەكانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە كێشەكان كە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە تاكەكانی كوردستانەوە هەیە؛ هەروەها كێشەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە چەند ساڵێکە شایستە داراییەكانیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ خەرج ناكرێت، هەروەها خەرجكردنی شایستە داراییەكانی پێشمەرگە كە پێشمەرگە بەپێی دەستووری پاسەوانی سنوورە و پاسەوانی سنووریش دەبیێ لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە مووچەیان بدرێت، هەروەها یەكلاییكردنەوەی كێشەی مووچە زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان کە دەمێکە لە بەغدا تەگەرەی بۆ دروست دەکات.
لە كۆتاییدا، چیا تەیموور عەبدال، گوتیشی: “بۆ ئەم هەڵبژاردنە ژمارەی كورسییەكانی پارتیمان لە ٢٥ کورسییەوە دەبێتە سەرووی ٣٠ كورسی، چونکە هەڵبژاردنەکەی پێشوو پارتی لە كەركووک بەشداریی نەكرد كە لەو پارێزگایە دوو كورسی دەهێنێت؛ هەروەها لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری لە هەڵبژاردنەکەی پێشوو سندووقێکی زۆری دەنگدان سووتیێندران، بۆیە پێم وایە ئەمجارە پارتی بە هێزێکی زیاترەوە دەچێتەوە بەغدا ئەو ئەركانەی كە ماویەتی تەواویان دەکات.”

ئاریان دەرگەڵەیی  – هه‌‌ولێر