رۆژنامەی ھەولێر

٨٠%ی کارەکانی بنیاتنانی پۆندی زیارەت تەواو بووە

چواس خالید – هەولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕشتانە کار لە بنیاتنان و پتەوکردنی ژێرخانی ئاو و پڕۆژەی کاریگەر لە زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی دەکات، لە ماوەیەکی کەمدا چەندان پۆند تەواوکراون و کاری بنیاتنانی پۆندی زیارەتیش ٨٠%ی تەواو بووە.

لە پێناو گلدانەوەی ئاو و زیادترکردن و پاراستنی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی و ئاودێری و بواری کشتوکاڵ و زیادترکردنی سامانی ماسی و کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شاری ھەولێر لە ئەگەری دروستبوونی لافاو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری داوە بە دروستکردنی پۆند و بەنداو، کە لە ئێستادا ژمارەیەک پۆندی ئاو لە بواری جێبەجێکردندان و ھەندێکیشیان تەواو بوونە.
یەکێک لەو پڕۆژانەی ڕشتانە کاری تێدا دەکرێت، پڕۆژەی بنیاتنانی پۆندی زیارەتە، کە ئێستا ٨٠%ی کارەکانی بنیاتنانی تەواو بووە و بەشێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەی خزمەتگوزاری بنیاتنانی پۆندی زیارەت، کە دەکەوێتە قەزای شەقڵاوە لە سنووری پارشزگای ھەولێر، توانای گلدانەوەی سەد و ھەشتا و ھەشت ھەزار و سێ سەد و ھەشت مەتر سێجا ئاوی ھەیە.
پۆندی زیارەت بە گوژمەی پێنج سەد و شەست و دوو ملیۆن و سەد و شەست و حەوت ھەزار دیناری عێراقی لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ دەکرێت و بە تەواو بوونی کاریگەری ئەڕێنی دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و ئاودێری کشتوکاڵی و گەشتیاری و ھتد…، دەبێت، کە بڕیارە لەماوەیەکی کەمدا تەواوبکرێت و بخرێتە خزمەت سامانی گشتییەوە.
لەگەڵ بنیاتنانی پۆندی زیارەت، ئێستا ھەر لە سنووری پارێزگای ھەولێر کار لە دروستکردنی چەندان پۆندی دی دەکرێت، وەک پۆندەکانی (مام چۆغان، مام خاڵان، پۆندی خڕە، پۆندی کانی گەنی، پۆندی کەبوور و پۆندی چاڵە گردەڵێ و ھتد…،.
جیا لەوانە و یە کێک لەو پۆندانەی کار لە بنیاتنانیانی کرا و لە ماوەیەکی کەمدا ھەر لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەواوکرا پۆندی زانکۆ بوو، ئەم پۆندە دەکەوێتە بەرزاییەکانی کەسنەزانی ھەولێر و نزیک مۆنۆمێنتی شەھیدان، کە لە ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پۆندی زانکۆی دانا، توانای گلدانەوەی ملیۆنێک مەتر سێجا ئاوی ھەیە.
دوای دانانی بەردی بناغە، ڕشتانە دەست بە ڕۆنانی کرا و لەماوەی تەنیا سێ مانگدا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو کرا و ئامادەکرا بۆ گلدانەوەی ئاو.
پۆندی زانکۆ لە ھەولێر، دڕژییەکەی سەد و ھەشتا مەترە، کە پانییەکەی لە ژێرەوە ھەشتا مەتر و لە سەرەوە شەش مەترە، بەرزییەکەشی حەڤدە مەترە و ملیۆنێک مەتر سێجا ئاو گلدەداتەوە.
پۆندی زانکۆ لە ھەولێر، کە ئێستا چووەتە سەر خەرمانی پێشکەشکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی شاری ھەولێر، جیا لە سود گەیاندن بە پاراستن و زیادترکردنی ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی شاری ھەولێر لە ھەر ئەگەرێکی دروستبوونی لافاو، لە وەرزی ھاویندا سودی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و سامانی ماسی لە ناوچەکە دەبێت، لە ھەمانکاتیشدا دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و کاریگەری لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری وڵات دەبێت، کە سیمایەکی دڵگیرتر بە شاری ھەولێر دەبەخشێت و ھۆکارێک دەبێت لە ڕاکێشانی زیادتری گەشتیار.
ھاوکات ھەر لە ھەولێر و بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە تێچووی نزیک بە چوار ملیار دیناری عێراقی، لە ناحیەی بنەسڵاوەی شاری ھەولێر، پڕۆژەی بنیاتنانی پۆندی بنەسڵاوە جێبەجێ دەکرێت، کە یەکێکە لە گەورە پۆندەکانی ھەرێمی کوردستان و توانای گلدانەوەی سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە.
١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بەردی بناغەی بنیاتنانی داندراوە و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە سێ سەد و شەست ڕۆژە و بە تەواو بوونی پۆندی بنەسڵاوە، ڕۆڵی کارای دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و فەراھەمبوونی زەوی بەراو لە ناوچەکە، جیا لەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو ناھێڵێت، ناوچەکەش دەکاتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سود بە سامانی گشتی دەگەیەنێت.
جیا لە پۆندی بنەسڵاوە، بە تێچووی نزیکەی ملیارێک دیناری عێراقی، پڕۆژەی دروستکردنی پۆندی دارەتوو لە ھەولێر جێبەجێکرا.
پڕۆژەی دروستکردنی پۆندی دارەتوو، بە گوژمەی ھەشت سەد و ھەژدە ملیۆن و دوو سەد و بیست ھەزار دیناری عێراقی، لەسەر بودجەی پارێزگای ھەولێر ھاتە جێبەجێکردن، کە توانای گلدانەوەی سێ سەد و پەنجا ھەزار مەتر سێجا ئاوی ھەیە.
بەھۆی کەمبارینی بارانی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ لەسەر ھەرێمی کوردستان، ساڵانی ڕابردوو قەیرانی کەمی ئاو لە ھەندێک ناوچەی ھەرێمی کوردستان سەریھەڵدا، لە بەرانبەردا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕشتانە کاری لە بنیاتنان و پتەوکردنی ژێرخانی ئاو و پڕۆژەی کاریگەر لە زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی، ھاوشێوەی کەرتەکانی دیکە کردووە و لە ڕابردوودا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر بنیاتنانی دەیان پۆندی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان داوە.

لەقۆناغی یەکەمدا ٢٣ پۆند بە گوژمەی ١٣ ملیار دینار لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ھەشت دانەیەن لە پارێزگای ھەولێر بوو، لە قۆناغی دووەمیش دا، ١٤ پۆند بە گوژمەی ١٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار لە دەوروبەری شاری ھەولێر دروست دەکرێن.