لە هەولێر ساڵیادیى دامەزراندنى کۆمەڵەى دۆستایەتى کوردستان -ئەڵمانیا بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.5.25، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە نێردەى وڵاتان و بەرپرسانى دیکەی ئیدارى و حکومى، لە هەولێرى پایتەخت مەراسیمێکى تایبەتى بەبۆنەى 10یەمین ساڵیادى دامەزارندنی کۆمەڵەى دۆستایەتى کوردستان – ئەڵمانیا و دەستپیشخەرى پڕۆژەى خزمەتگوزارى ڕاوێژکارى کۆمەڵەى ناوبراو بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، وێڕاى پیرۆزبایی بە بۆنەى 10 ساڵەى دامەزراندنیان، دەستخۆشى لە کۆمەڵەى ناوبراو کرد بۆ پتەوکردن پەیوەندییەکانى نێوان گەلانى کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارى کلتوورى، ڕۆشنبیرى، زانستى، کۆمەڵایەتى، هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواستن لە ناساندنى ناسنامە و دۆزى ڕەواى نەتەوەى کورد بەگەلانى ئەڵمانیا و ئەوروپا و کارئاسانى و هاوکارییکردنى کوردستانیان نیشتەجێى ئەوروپا.

ئومێدیشى خواست، کۆمەڵەى ناوبراو لە کار و پڕۆژە مەدەنى و ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتییەکانى بەردەوام بێت بۆ بونیاتنان و بە هێزکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دامەزراوە ئەوروپى و کوردستانیەکان، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوى هاوکارى و پاڵپشتى خۆى دووپاتکردەوە.